کرێکاران و زەحمەتکێشان!
1ی ئایار، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکی و ململانێی جەمسەرەکانی سەرمایەداری لەسەر داڕشتنەوەی سیستەمی بازرگانی جیهانی و زیادکردنی ڕێژەی گومرگ لەسەر کاڵای هاوردەکراو و کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشهاتی سیاسی نوێ لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کارتێکردنی لەسەر رەوشی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، سەرەڕای کارتێکردنی ئەم ڕەوشە جیهانی و ناوچەییە، ڕەوشی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە جێگیر نەبووە و ئێستاش بەهۆی فراوانبوونی مەودای هەژاری و بێکاری و گرانی بازاڕ، ڕەوشەکە خراپتر بووە. ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لە سۆنگەی نەبوونی ستراتیژی ئابووری و قۆرخکاری و چەکەرەبوونی سەرمایە لە دەستی کۆمپانیاکانی سەر بە لایەنی دەسەڵاتدار و پەرەپێدانی هەنگاوەکانی سیاسەتی بەتایبەتکردن و بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان، هێندەی تر باری ژیانی چینی کرێکار و کاسبکار و زەحمەتکێشان گرانتر بووە.
دۆخی بێکاری و ژینگەی کار لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە، کە کرێکاران ناچارن بە کرێی کەم و کاتی زۆر کار بکەن، بێ ئەوەی ڕەچاوی یاسا و ڕێسای کار و بەهرە و توانای کرێکار بکرێ، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا و کارگە و خاوەن کارەکان بە خەراپ کەڵک وەرگرتن لەم ڕەوشە، بە هەموو شێوەیەک کرێکاران دەچەوسێننەوە و بەردەوام هەڕەشەی دەرکردنیان لێ دەکەن، لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەهیچ شێوەیەک قەبوولکراو نییە لە کوردستان بەپێی شێوازەکانی سەدەکانی ڕابردوو ڕەفتار لەگەڵ کرێکاران بکرێت.
لە ڕۆژی 1ی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران و زەحمەتکێشان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێوازەکانی ستەم و چەوسانەوە و نابەرانبەریی، بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران و ژینگەیەکی تەندروستی کار، دەستەبەرکردنی یەکسانی هەلی کار بێ جیاکاری ڕەگەزی، هاوهەڵوێست لەگەڵ لایەنە چەپەکان پەرە بە تێکۆشانی شێلگیرانە دەدات لە پێناو :
1- دەستەبەرکردنی کار بۆ بێکاران و دەستەبەرکردنی بیمەی بێکاری و سەلامەتی پیشەیی.
2- پێکهێنانی سەندیکایەکی سەربەخۆی کرێکاران، کە بەشێوەی پیشەیی و یاسایی داکۆکی لە مافەکانی کرێکاران بکات.
3- هەبوونی گرێبەستی کار و ڕێکخستنی کرێی کار بە ڕەچاوکردنی نرخ لە بازاڕ و دیاریکردنی کاتی کار و پشووی هەفتە بەپێی یاسای کار و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە گشت بوارەکانی کار.
4- پێشگرتن بە پێشێلکاری و زێدەڕۆیی لەسەر مافی کرێکار و بایەخدان بە چاودێری ڕەوشی کرێکاران.
5- ڕێکخستنی هێنانی کرێکاری بیانی کە نەبێتە هۆیەک بۆ هەرزانبوونی دەستی کاری ناوەخۆ، هاوکات پێشگرتن بە مامەڵەکردنی نایاسایی و نامرۆیی لەگەڵ کرێکاری بیانی لە کوردستان.
-نا بۆ هەموو شێوەیەکانی چەوسانەوە!
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
30ی نیسانی 2025