سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی بەهمەن حوسێن، جێگری سەرۆكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بڵاوکردەوە.
رۆژی هەینی 16ـی ئایاری 2025 سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی بەهمەن حوسێن بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ “بەهەمەن حوسێن خەباتگێڕ و دڵسۆزی دۆزی گەلەكەی بوو و هەڵوێستە نیشتیمانیەكانی هەردەم جێگەی پێزانین بوون”.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی نیشتمانپەروەر (بەهمەن حوسێن جێگری سەرۆكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان)ـم پێ گەییشت. خوالێخۆشبوو بەهەمەن حوسێن خەباتگێڕ و دڵسۆزی دۆزی گەلەكەی بوو و هەڵوێستە نیشتیمانیەكانی هەردەم جێگەی پێزانین بوون و لەیاد ناکرێن.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو بەهمەن حوسێن و سەركردایەتی و ئەندامانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
16ی ئایاری 2025




