بەڕێز هاوسەرۆکانی کەنەکە
ئەندامانی کۆبوونەوەی گشتی
میوانانی ئازیز
ڕۆژتان باش
بە خۆشحاڵیەوە وا ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی ئازیز بەشداری لە ٢٣مین کۆبوونەوەی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەین و سڵاوی هاوڕێیانمان لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئێوەی بەڕێز ڕادەگەیەنین و ئومێدی سەرکەوتن بۆ کۆبوونەوەی کەنەکە دەخوازین.
بەڕێزان وەک دەزانن کۆبوونەوەی ئەمجارەمان لە کات و ساتێکی هەستیار دەبەسترێت لە ئاستی جیهانی و ئیقلیمی و کوردستانی گۆڕانکاری گەورە ڕوویان لە ناوچەکە کردووە لە:-
کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنی دەسەڵاتیکی تازە لە سوریا
جەنگی غەزە و لێکەوتەکانی جەنگەکە بۆ ناوچەکە.
پرسی دانوستانی کورد و تورکیا هەموو ئەمانە پرسی جددین و کاریگەریان لەسەر پرسی کورد هەبووە و دەشبێت، بەشێوەیەک کە کارکتەرە جدییەکانی نێو ئەو ڕووداوانە باس لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە دەکەن.
بۆیە ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وای دەبینین کە لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکاریانەدا بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکانی تەواوی کوردستان پێویستی بە کۆبوونەوەیە لە ژێر چەتری ستراتیژێکی هاوبەشی کوردستان لەو بارەیەوە کەنەکە دەتوانێت کارەکتەرێکی گرنگی ئەو خەباتە بێت.
پەیوەست بە پرسی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە گەڕانەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریە سیاسییانەی ئاماژەمان پێدا ئێمە دانووستاندن وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانی گەلەکەمان دەبینین و لەو سۆنگەیەوە پشتیوانی خۆمان لە هەنگاوەکانی دانوستانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئیمڕالی دووپات دەکەینەوە بۆ ئەم مەبەستە ئازادکردنی بەرێز ئۆجالان بە گەرەنتی سەرکەوتنی پڕۆسەکە دەزانین.
پەرەسەندنەکانی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارتێکردنی لەسەر رەوشی ئێران دیارە، دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکرێ، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەرەوپێشچوونی خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری و مەدەنی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی پێشوازی لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بە بەرزترین شێوە دەرکەوت، پێویستە هاندەر بێ بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەر پەیوەست بە یەکگرتن و یەکگرتووی کورد
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆنفراسی یەکگرتن و یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هەنگاوێکی پیرۆز دەبینی و داوای کرد کە ئەم هەنگاوە بکرێتە هەوێنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش.
لەوبارەیەوە ئێمە لە باشووری کوردستان ئەگەرچی خاوەنی هەرێمێکی دانپێدانراوی دەستوورین بەڵام کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا دەریخست کە بە نەبوونی ستراتیژی هاوبەشی کوردستانی بۆ مامەڵەکردنمان لەگەڵ بەغدا رۆژبەڕۆژ باشەکشە دەکەین و زیاتر دەکرێینە ئامانجی بەغدا و نەیارانی دیکەی کوردستان.
لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە ستراتیژی هاوبەشی کوردستانی خەونی لە مێژینەی گەلەکەمان بووە و زەڕوڕەتی ئێستای بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانە ئومێد دەکەین کۆبوونەوەی گشتی کەنەکە نەخشە ڕێگای ئەو ستراتیژە دابرێژێت و بەناوی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئومێدی سەرکەوتن بۆ کۆبوونەوەی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان





