بەڕێز كاك بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بەڕێز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سڵاوێكی گەرم..
بەبۆنەی یادی (50) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەگەرمی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین. هیوادارین ئەم بۆنەیە وێستگەیەک بێ بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی یەکێتی و پێشخستن و پەرەپێدانی پڕەنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسی و حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە و مسۆگەرکردنی ماف و ئامانجەکانی گەلی کوردستان. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیدا، بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مام جەلال ڕۆڵێکی گەورە و گرینگی گێڕاوە لە بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان.
یادی (50)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کاتێکی هەستیار دایە، لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا، لە عێراق و لە بەشەکانی کوردستان گۆڕانکاری و پێشهاتی سیاسی نوێ لە ئارادایە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕەوشە جەخت لە یەکگرتووەیی و یەکهەڵوێستیی حزبە سیاسییەکان و زامنکردنی مافە دەستورییەكان دەکەین، جەخت لە کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک دەکەین.
لە کۆتاییدا هەر لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەینەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
31 ئایاری 2025




