میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند بنیامین نەتانیاهۆ بە وەزیرانی کابینەکەی گوتووە: “ئیسرائیل بە هەموو ئامانجەکانی جەنگ و تەنانەت زیاتر لە ئامانجەکانیش گەیشتووە و هەردوو مەترسیی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالستیکی ئێرانی لەناو بردووە.”
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیشی کردووەتەوە، ئیسرائیل توانیویەتی ئاسمانی ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات و زیانێکی زۆر بە فەرماندەیی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەیەنێت و دەیان بنکەی سەربازیی ئەم وڵاتەی لەناو بردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل زۆر بە چڕی هێرشی کردووەتە سەر دەیان ئامانج لە شاری تاران و سەدان کەس لە ئەندامانی هێزی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران، کە ئامرازی سەرکوتی هاووڵاتیان بوون و هەروەها یەکێک لە کاربەدەستانی باڵای بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی کوشتووە.
بە گوتەی نەتانیاهۆ، ئیسرائیل لەم جەنگەدا دەسکەوتی مێژوویی بەدەست هێناوە و خۆی هێناوەتە ئاستی زلهێزەکانی جیهان؛ هەر بۆیەش بە سەرنجدان بە دەسکەوتەکانی ئەو جەنگە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، ئیسرائیل پێشنیاری ترەمپ بۆ ئاگربەستی دوولایەنەی قبوڵ کردووە. هۆشدارییشی داوە وڵاتەکەی هەر جۆرە پێشێلکرانێکی ئەو ئاگربەستە بە توندترین شێوە وڵام دەداتەوە.




