پەیوەندی تەلەفۆنی (مارکۆ روبیۆ)وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو (محمد شیاع سودانی) سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەژانێکی دیکەیە، پەیوەندییەکە سێ تەوەر بووە (ھەناردەی نەوت، موچە، حەشدی شەعبی)، ھەر سێکیان راستەوخۆ پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. قسەی دیکەیان کردووەو بابەتی دیکە ھەبووە ئەوە نازانین، بەڵام ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ئەم سێ باسەیە.
لەدوای روخانی بەعس ٢٠٠٣، ئەمریکاو ئێران حاکمی عێراقن، خاوەن بڕیارن، خاوەن پێگەن، دەتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن. بۆیە ھەرزوو باسی ئەوەمان کرد کورد بەچاوی ئەمریکاو بەرژەوەندی ئەمریکا نابێت سەیری ئێران بکات، وە بە چاوی ئێران و بەرژەوەندی ئێرانیش سەیری ئەمریکا نەکات, لە ساڵی ٢٠١٥ لە کتێبەکەم بەناوی(کورد و ئەمریکا) باسی ئەوەم کرد کە دەبێت کورد پاکێجێکی وردی کوردی یەکلاکەرەوە لە عێراق ئامادە بکات کە بەھیچ شێوەیەک نەبێتە لایەنی ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا، کورد لەعێراق دەرەقەتی ئەم ناکۆکیە نایەت.
بەلای منەوە باسکردنی خەرجکردنی موچە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کورد مەترسیدارە، چونکە بەفەرمی پرسی موچە وەک ناکۆکی نێوان ئەمریکاو ئێران جێگای گرت، تەنھا لەیەک خاڵدا جێگای ئومێدە، ئەویش ئەوەیە ئەمریکا خاوەنداریەتی لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە بکات. لەم حاڵەتەدا ئەمریکا دەتوانێت پرسی موچەو ئەمنیەتی نەوت و بودجەو چارەسەرەکەی یەکلای بکاتەوە. زۆر سەختە پرسی قوتی ھاوڵاتیان وموچەکانیان ببێتە بابەتی ناکۆکی نێوان دەوڵەتانی ھەرێمایەتی و ئەمریکا بەتایبەت ئێران، چونکە ھێزە شیعەکان پێکەوە (چوارچێوەی ھەماھەنگی) یان دروست کردووە، کە ئێران سەرپەرشتی دروست کردنی کرد، ئەم چوارچێوەیە دەوڵەت و حکومەتی دروست کردووە. ئێران حاکمی راستەوخۆی حکومەتی عێراقە. ئەمریکاش نەوت و دۆلارو ئاسمانی عێراقی لەبەردەستە، بێ پرسی ئەویش کابینە دروست ناکرێت، جیاواز لەھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئێران و ئەمریکا پێکەوە حوکمی عێراق دەکەن. ئینجا یان دەبێت خۆت بە دووربگریت لە زەبری نێوانیان، یان دەبێت خۆت پایەی سیاسی و ئەمنی و ئابوریت بەھێزبێت و زۆر منەتت بەم ناکۆکیە نەبێت، یان دەبێت ئەمریکا پشتیوانێکی یەکلاکەرەوەت بێت.
بەداخەوە ناوھێنانی پرسی موچە لەگەڵ دۆسیەی حەشدی شەعبی و ناکۆکی توندی ئەمریکاو ئێران، جارێکی دیکە گیرۆدەکردنی خەڵکی کوردستانە بەدەست برسیەتی و بێ موچەیی. بۆیە کورد ئەرکیەتی بە زوویی و بە جددی بیر لە رێگاچارەی ئەم دۆخە داراییە بکاتەوەو ئەم بەڕەیە لە ژێر پێی عێراق دەربکات، یان لۆبیەکی سەرکەوتوو بکات و ئەمریکا پشتیوان بێت. کرۆکی بۆچونی من ئەوەیە تا دوێنێ موچە لەنێوان ناکۆکی ھەرێمی کوردستان و بەغداد ئەوە حاڵی بوو، ئینجا وەرە ببێتە جێگای ناکۆکی ئەمریکاو ئێران. ھەر خوا رەحم کات!!!؟؟..
هەندرێن شێخ راغب




