ماڵئاوا هاوڕێ سەعد خالید !
بە خەم و و پەژارەیەکی زۆرەوە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025 هاوڕێ (سەعد خالید حەمەدەمین ) جێگری سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی62 ساڵی لە شاری هەولێر بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد.
هاوڕێ سەعد خالید ساڵی 1979وەکو گەنجێک چەکی تێکۆشان دەکاتە شانی لە ڕیزی حزبی سۆسیالیستی کوردستان دەبێتە پێشمەرگە، 46 ساڵی لە ژیانی خۆی بە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بەخشی، لە قۆناخی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و ڕاپەڕین و لە قۆناخی دوای ڕاپەڕین.
هاوڕێ سەعد ساڵی 63 لە شاری هەولێر لە دایک بووە، قۆناخی دواناوەندی لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر دەخوێنێ و پاشان ساڵی 2019 کۆلێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جیهان تەواو دەکات. ساڵی 1985 یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بووە و لە یەکەمین کۆنفرانسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شاخ بەشدار بووە و لە دووەمین کۆنگرەدا ساڵی 1994بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە، لە تەک هاوڕێکانی ڕۆلی سەرەکی هەبووە لە سەرکردایەتی کردنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە قۆناخە جیاوازەکانی خەبات دا. ساڵی 2005 بەدواوە لە کابینەی پێنجەم و حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان.
هاورێ سەعد خالید، وەک پێشمەرگەیەکی خۆڕاگر و سەرکردە و تێکۆشەرێکی سیاسی ئازادیخواز، تا دوا ساتەکانی ژیانی دڵی پڕ لە هیوا بوو بۆ کوردستان، هاوکات پابەند بوو بە بیر و باوەڕی سیاسی حزبەکەمان، بە بڕوایەکی پتەو لە پێناو دیموکراسی و یەکسانی و مافی چارەنووس و دواڕۆژێکی باشتر تێدەکۆشا، ماڵئاوایی یەکجاری هاوڕێ سەعد کەلێنێکی گەورە لە خەبات و تێکۆشانی دیموکراسی و نیشتمانی و چینایەتی لە نێو ڕیزەکانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەجێدەهێڵێت.
ماڵئاوا هاوڕێ سەعد، ماڵئاوا، ڕۆحت شاد، یاد و یادەوەریت بۆ هەمیشە بەخێر.
کۆمیتەی ناوەندیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
10ی ئەیلوولی 2025




