رێكەوتی 1ی تشرینی یەکەمی 2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی، لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی جیهان و ناوچەکە و عێراق کرا و جەخت لە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی ڕەوشەکە و کارتێکردنی لەسەر ڕەوشی هەرێمی کوردستان کرا.
کۆبوونەوەی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لە تەوەرێکی دیکەی لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان وەستا و کارا نەکردنی پەرلەمانی کوردستان و بەرتەسک کردنەوەی مەودای ئازادی سیاسی و ڕۆژناگەری بە پاشگەزبوونەوە لە بنەماكانی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لێکدایەوە و کۆبوونەوە بەرهەڵستی سیاسەتی بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پەروەردە دەکات و فەرامۆشکردنی ڕەوشی بێکاران و موچەخۆران و ژیان و گوزەرانی چینە هەژار و زەحمەتکێشەکان بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکاتەوە.
کۆبوونەوە لە دوا تەوەری دا، جەختی لە کاراکردن و فراوانکردنی ڕۆلی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کرد و بۆ ئەو مەبەستە چەند بڕیارێکی دا.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

