بێکەس قادر
لایەنێکی گرینگ لە پڕۆسەی سیاسی عێراق ئەوەیە،کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دواناخرێ و لە کاتی خۆیدا دەکرێت. هەڵبژاردن ڕەگەزێکی بنچینەیی هەر سیستەمێکی دیموکراسییە، دواجار ئامانج گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵک، تا لە ڕێی سندوقەکانی دەنگدان، بە شێوەی ئاشتیانە دەسەڵات دەستاودەست بکرێت، ئەمە کڕۆکی هەڵبژاردنە، بەڵام پڕۆسەکە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرێ، یان پڕۆسەکە لە ڕێچکە دیموکراسییەکەی دوور دەخرێتەوە و بەلاڕێدا دەبرێت، دەنگدەر ئومێد لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەڵناچنێ و متمانەی بە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان لاواز دەبێت.
لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان پێگەی دەسەڵات، داهاتی گشتی و هێزی چەکدار لە پرۆسەی هەلبژاردندا بە خەراپ کەڵکی لێ وەردەگیرێ، هێشتا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردندا سەربەخۆ نییە، هێشتا گزیکردن لە هەڵبژاردن دەکرێ و هەڵبژاردن پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە نییە، لە هەڵبژاردن دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر نییە.
سەرەڕای ئەوەی کە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەتی سیستمی سانت لیگۆی هەموارکراو1.7ی عێراقی، کە لە گۆڕینی دەنگی دەنگدەران بۆ کورسی، ڕێک بە قازانجی حزبە باڵادەستەکان داڕێژراوە.
سەرەڕای ئەوەی کە بەرنامەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی و حزبەکان شتێکە و کردار شتێکی دیکە بووە و شتێکی دیکەیە. لەو نێوەدا دەبێ دەنگدەر بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بۆچی دەنگ بدات؟
-لە کاتێکدا کە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکردووە؛
-هاوکات سەرۆکی دوو حزبی ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لە هەڵبژاردن لە زیندانە.
-هێشتا موچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی موچەخۆران نەدراوە، هێشتا چارەنووسی باقی موچەی مانگەکانی تر نادیارە و موچە هەواڵی بە پەلەیە.
-بەپێی ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی پەی، 1061ڕۆژە هەرێمی کوردستان بێ پەرلەمانە، 348 ڕۆژە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، کەچی هێشتا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە و پەرلەمان پەکخراوە.
-حزبە کوردستانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، دیدگایەكی سیاسی ڕوون و هاوبەشیان بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردن نییە. لە دوو خولی ڕابردوودا، کوتلە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە باتی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان، کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنیان بە دەنگدەرانیان دابوو، کەچی پتر شەڕیان لەسەر پۆست و ئیمتیازی حزبی بووە.
-نەبوونی ڕێکەوتن و دیدگایەكی هاوبەش لە نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان.
سەرەڕای ئەوانە و بێباکی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە ئاست فراوانبوونی مەودای بێکاری و نەبوونی دیدگایەكی نوێ بۆ حکومڕانی و بەرتەسک کردنەوەی مەودای ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری و تاد…، دەبێ خەڵک بۆچی بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بۆچی دەنگ بدات؟
لەو هەڵبژاردنەدا، درێژە بە سیاسەتەکانی پێشوو دەدرێ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا کار لەسەر گەوجاندن و دروشمی بێ کردار دەکرێ، یان دەست بۆ سیاسەتێکی عەقڵانی و ئاراستەیەکی دروست دەبردرێت، کە خەڵک و دەنگدەران لەگەڵ سندوقەکانی دەنگدان ئاشت بکاتەوە.
با بزانین لەم هەڵبژاردنەدا چی ڕوودەدات و خەڵک بۆچی دەنگ دەدات!