بەشدارانی کۆڕبەندی ھێزە چەپەکانی کوردستان
ئامادەبووانی بەڕێز
ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم لە شاری (ئامەد)ی خۆشەویست لەگەڵ ھاوڕێ وھەڤاڵانم لە بەشدارانی کۆربەندی چەپ بەشداری دەکەم، بە دەرفەتی دەزانم کە پێکەوە گفتوگۆ وقسەوباس لەسەر ھەڵومەرجی سیاسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە گشتی بکەین.
بەڕێزان…. بەھۆی ململانێ و ناکۆکی و کێبڕکێی وڵاتانی زلھێز بە ئامانجی باڵا دەستی ئابوری و سەربازی و دەسەڵات و نفوزیان بەسەر شوێنە ستراتیژیەکان، مرۆڤایەتی لە ئێستادا رووبەڕووی قەیران و مەترسی گەورە بۆتەوە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوو جیھان دووچاری چەندین کارەسات و جەنگ و کۆچکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مەترسی ژینگە کردۆتەوە.
جەنگی نێوان (ڕووسیا و ئۆكڕانیا)، شەڕی نێوان (بزووتنەوەی حەماس و حوسیەكانی یەمەن و حزبولڵای لوبنان، دژ بە ئیسڕائیل)، گۆڕانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، دواجار جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان (ئیسڕائیل و ئێران) تێكڕا دەرهاوێشتەی ئەو ململانێ و كێبڕكێیەی نێوان وڵاتە زلهێزەكانە، دیارە وڵاتانی ناوچەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ” و ئەفریقا بەبێ بەرژەوەندییەكانی خۆیان ڕاستەوخۆ بەشێكن لەم ململانێ و شەڕ و ئاڵۆزیانە.
بەڕیزان کوردستان لەناو جەرگەی ئەم ڕووداو و ئاڵۆزی و هاوكێشە سیاسیانەدایە، كە ڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر ئایندەی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا دەبێت، بۆیە پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی تێكۆشانی هەر پارچەیەك لە هەمان كاتدا بە هەماهەنگی و لە یەكگەیشتن بتوانین بە سەركەوتوویی ئەم قۆناغە هەستیارە بە ئاراستەی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان تێ بپەڕێنین.
بارودۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر نییە لەم ململانێ و جەنگ و بەریەككەوتنانەی بەرژەوەندییەكان، ئەم ناوچەیە وەک پێگەی جوگرافیایەکی ستراتیژی بووەتە چەقی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان، چونکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە حوكمی گرنگی پێگە جیۆسیاسییەکەی و هەروەها دەوڵەمەندییەكەی لەڕووی وزەوە، وای كردووە جەمسەرەكانی ناكۆك لە جیهان و لە گەڵیاندا وڵاتانی ناوچەكە بە گشتی، بە ئامانجی باڵادەستی بەسەر ئەم ناوچەیە لە ململانێ و جەنگێكی سەخت و هەمەلایەنەدا بن، ئەمانە لە لایەك و لە لایەكی دیکەوە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست كێشەی ئابووری و سیاسی و دەسەڵاتی شمولی و غیابی دیموكراسی و حوكمڕانیی ناداپەروەرانە دەناڵێنێت، لەم چەند ساڵەی رابردوودا ئەو گۆڕانكارییانەی ڕوویاندا، كە لە دەرئەنجامی تێكۆشان و قوربانیدانی كۆمەڵانی ئەم وڵاتانە هاتنەدی، كە لە بنەڕەتدا بۆ هێنانەكایەی حوكمڕانیی دیموكراسی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بەرپابوون، بەڵام هیچ كام لەم گۆڕانكارییانە بە قازانجی داخوازییە ڕەواكانی خەڵكی ئەو وڵاتانە نەشكانەوە، بە پێچەوانەوە هێندەی دیکە بارودۆخی ئەو وڵاتانە بەرەو نەهامەتی و وێرانبوون و كارەساتی گەورە چوون و لە هاتنەدیی داخوازییەكانیان دووركەوتنەوە.
جێگای ئاماژەیە تێكڕای ئەو بارودۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر نییە لە ڕەگە مێژووییەکەی، كە لە دوای جەنگەکانی یەكەم و دووەمی جیهانی و لێکەوتەکانی ئەو جەنگانە، کە بە ڕێكکەوتنی ئاشكرا و نهێنی و بە شێوەیەكی ناڕەوا بەسەر ئەم ناوچەیەدا سەپێندران، لەوانە ڕێكکەوتننامەی (سایكس پیكۆ و لۆزان) و چەندین رێكکەوتنی دیکەی دووقۆڵی و سێ قۆڵی، كە بووەتە هۆكاری سەرەكیی ناسەقامگیریی ئەم ناوچەیەی رۆژگاری ئەمڕۆمان .
دیارە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بە گشتی لەم نێوەندەدا غەدر و زوڵمێكی ناڕەوای زۆری لێكراوە، نكۆڵیكردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و بەكارهێنانی زەبروزەنگ و سەپاندنی شەڕ و داگیكردنی خاك و گۆڕینی دیموگرافیا و كیمیابارانكردن و ئەنفال، كە تێكڕا دەچنە چوارچێوەی جینۆساید.
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت دەكەینەوە، تا وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ھەنگاو بەرەو حوکمڕانیی دیموکراسی نەھاوێن و دەست لە سیاسەتی مەزھەبی و تائیفی و رەگەزپەرەستی و نکۆڵیکردن ھەڵنەگرن، بە تایبەتیش داننان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە بڕیاردانی مافی چارەنووس، ھەرگیز ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار نابێت.
بارودۆخی عێراق و باشوری کوردستان:
پەیوەست بەم بابەتە نامانەوێت بەدرێژی بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاکو دامەزراندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، چونکە زۆربەتان شاھیدی ھەموو ئەو کارەساتانەن کە لە دوای دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە بەسەر گەلانی عێراق بە گشتی و گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان ھاتووە، لە نموونەی (ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی گەلی کوردستان).
دوای ڕوخانی رأێمی سەدام دەرفەتێک درووست بوو، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە بووین کە عێراق ئەو مێژووە ڕەشە تێپەڕینێت و پێ بنێتە قۆناغێکی تازە، بە تایبەتیش دوای پەسەندکردنی دەستووری تازە لە ساڵی 2005، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارنی عێراق لە ساڵی 2003 بەدواوە ماوەی 22 ساڵە تا ئێستا بە عەقلیەتێکی شۆڤینی تائیفی حوکمڕانی عێراق دەکەن، نە بڕوایان بە فیدڕالی ھەیە نە بەدەستور.
ئەگەر بمانەوێت وێنەیەکی عێراقی ئەمڕۆ بکەین، بەم شێوەی خوارەوەیە. سەرەڕای بوونی دەستوری ھەمیشەیی، بوونی سەروەت و سامانێکی یەکجار زۆر، بوونی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق لە پەرلەمان و حکومەت، سەرەرای پالپشتیەکی بەردەوامی ئەمەریکا و ئەوروپا، بەڵام عێراق لە ئێستادا لە ھەموو کاتێک زیاتر دووچاری قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆتەوە. پەیوەندار بە ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارانی عێراق بڕوایان بە شەراکەت و مافە دەستوریەکانی ھەرێمی کوردستان نیە، بەپێچەوانەوە بەردەوام ھەوڵ دەدەن ھەرێم لە قالب بدەن و بچووکی بکەنەوە، خەون بە گەرانەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی دەبینن.
وەک دەزانن عێراق ئێستا لەبەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی دایە، ئێمە پێمان وایە بۆ عێراق ئەم ھەڵبژاردنە زۆر گرنگ و ھەستیارە، چونکە پێمان وایە ئیدی دەرفەت لەبەردەم دەسەڵاتی میلیشیا و حکومەتی قوڵ نامێنێت.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانین کە تێروانینی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لەم ھەڵومەرجە چارەنووسازە بخەمەڕوو.
بەڕیزان ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە، بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ھاوکێشە سیاسیە ئاڵۆزانەی ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەت، نەبوونی سترتیژێکی ھاوبەشی نێوان لایەنە سیسسیەکانی کوردستانە، لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ھەموو ئەو پێشھاتانەی دێنە پێشمان.
بەڕاشکاوی پێتان دەڵێن بەداخەوە لە ھەڕێمی کوردستان لێکترازانی سیاسیی و دابڕانێکی حزبەکان لە یەکتری لە ئارادایە، کە لە ئەگەری بەردەوامی ئەو ترزانە زەرەر و زیانێکی گەورە لە پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەدرێت، ئێمە پێمان وایە ھێشتا دەرفەت ھەیە ئەگەر کۆتایی بەو ترازانە بێت، بە تایبەت لە نێوانی ھەریەک لە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)دا، کە کاریگەری لەسەر یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و نەھێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی لە ھەڕێمی کوردستان داناوە.
ئامانەوە و قەیرانی دارایی و کۆمەڵیک بابەتی دیکە باوەڕی خەڵکیان بە پڕۆسەی سیاسی لە ھەڕێمی کوردستان لاوازکردووە، خەڵک نائومێدە، تا دێت بەشداری لە پرۆسەی سیاسی لاواز دەبێ.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان جەخت دەکەینەوە کەپێویستمان بە ڕیکەوتنێکی ستراتیژی ھاوبەش ھەیە وە پێویستە شێوازی حوکمڕانی پێداچوونەوەی جددی بۆ بکرێت بەشێوەیەک کە لە خزمەتی خەڵک و ئایندەی ھەرێمی کوردستان بێ، لەم پێناوەدا حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە تەک لایەنە چەپەکانی باشور لە تێکۆشانی بێووچان دایە، ھیوادارین و داواتان لێدەکەین بۆ ئەم ئامانجە پشتیوانمان بن.
ڕۆژئاوای کوردستان:
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان نیگەرانیەکانی خۆمان سەبارەت بە باوردۆخی سوریای دوای ڕوخانی بەشار ئەسەد بە کورتی لە سێ خاڵ دەخەینە ڕوو.
1- پێکھێنانی حکومەتی کاتی بە بێ بەشداری پێکھاتەکانی سوریا لە سەرویانەوە گەلی کورد.
2- نووسینەوەی دەستوری کاتی بە بێ بەشداری پێکردنی پێکھاتەکانی سوریا و رەچاوکردنی مافەکانیان.
3- ھەڵبژاردنێکی نا دیموکراسی و بەشداری نەکردنی پێکھاتەکانی سوریا.
لەبەرامبەر ئەوەی جێگای دڵخۆشی ئێمەیە سوربونی گەلەکەمانە لەسەر مافە ڕەواکانی بەتایبەتیش دوای ئەوەی ھێزو لایەنە سیاسیەکان لە کۆنفرانسێکدا ھەڵوێستی خۆیان یەکخست، ھیوادارین ئەو یەکڕیزیە بەردەوام بێت و بەشێوەیەکی مەدەنیانە پێداگیری لەسەر دەستورێکی دیموکراسیانە بکەنەوە کە تێیدا ماف و ئەرکی ھەموو لایەک دیاری کرا بێ.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕابردوو لە ئێستادا پشتگیری تەواوی خۆمان لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژئاوا دەکەینەوە بەو ھیوایەی بەبێ گرژی و شەڕ و ئاڵۆزی و بە ئاشتیانە چارەسەری کێشەکان بکرێ، لەم بارەوە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و وڵاتانی ئیقلیمی یە کە بە چاوێکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی سوریا بکەن.
رۆژھەڵاتی کوردستان:
قسەکردن سەبارەت بەو پارچەیەی کوردستان بۆ ھاورێیانی رۆژھەڵات جێدەھێڵین، تەنیا ئەوە دەڵێین کە ئێمە وێڕای پەیوەندی باشمان لەگەڵ ھێزەکانی رۆژھەڵات، ھەمیشە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ خەبات و تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان لە رۆژھەڵاتی کوردستان کردووە.





