کلیلی ئاشتی و تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرکردنی پرسی گەلی کوردستانە

کۆنفرانسی کۆڕبەندیی چەپی کوردستان لەژێر ناونیشانی گۆڕان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریان لەسەر پرسی گەلی کوردستان، لە 19.10.2025 لە شاری ئامەد سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسی ئامەد دا، کە بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی جڤاکی مەدەنی و نووسەران، ئەکادیمیست و کەسایەتییە ناسراوەکان ئامادەبوون، گۆڕان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی سوریا و پڕۆسەی تورکیا و پێشهاتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە وردی تاوتوێ کران و بڕیار درا ئەم ئەنجامنامەیەی خوارەوە بۆ ڕای گشتیی بڵاوبکرێتەوە. پرسی گەلی کوردستان ئێستا گرنگترین بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، گۆڕانکاری گەورە لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا ڕووی داوە، بەتایبەت تێکشکانی بەرەی موقاوەمە لە ناوچەکە و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕەوشێکی نوێی پێکهێناوە. لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەرفەتی گرنگ بۆ گەلی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان هاتوەتە پێشەوە. کۆنفراس پێی وایە تەنیا سیستەمێکی فیدراڵی، دیموکراسی، فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی لە سوریا دەتوانێت سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لەو وڵاتەدا بەدیبهێنێت، هەرچەندە حکوومەتی کاتی دەسەڵاتدار له شام بەهۆی پاشخانی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی توندڕەوانەی ناتوانێ ئه م ئامانجه بەدی بهێنێت. لەم قۆناغە مێژووییەدا یەکڕیزیی هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاڤای کوردستان لە هەموو کاتێک گرنگترە. لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە کۆنفرانسی قامیشلۆ لە 26ی نیسانی 2025 وەکو دەستکەوتێک تەماشا دەکەین و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ڕێککەوتن و یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوا دەردەبڕین. کۆنفرانسی ئامەد لە تەوەرێکی دیکەدا، پڕۆسەی چارەسەریی لە تورکیا بە وردی تاوتوێ کرد و بەشداربووانی کۆنفرانس بە گشتی بڕیاری چەک دانانی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژییەکان، بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن و لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کێشەی گەوره و بنەڕەتی چارەسەرکردنی پرسی گەلی کوردە، بۆیە پێویستە بنەمایەکی یاسایی ئامادە بکرێت و دەبێ بەزووترین کات هەنگاو بنرێت بۆ گەڕانەوەی گەریلا و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و گەڕانەوەی پەنابەرانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات. لەو پێوەندەدا گرنگترین بابەت ئەوەیە کە تورکیا دەستبەرداری سیاسەتی نکۆڵیکردن و ئاسمیلەکردنی کورد بێت و ناسنامەی کورد و زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی و پەروەردە بناسێت و دان بە مافی چارەنووس بنێت لە دەستووردا. هاوكات پێویستە تورکیا دەست هەڵگرێت لە دوژمنایەتی بەرانبەر گەلی کورد لە ڕۆژاڤا و ڕێز لە بڕیاری گەلی کورد لە سوریا بگرێت. کۆنفرانس پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ تەڤگەریی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. هەروەها کۆنفرانسی ئامەد ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ لە هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێ و جەختی لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان کردەوە و کۆنفراس داوا دەکات لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێڕەوی لە سیاسەت و هەڵوێستێکی هاوبەش بکەن. ئێمە لە حزبەکانی نێو کۆڕبەندی چەپی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین کە ڕۆڵێکی بنیاتنەر و بەرپرسیارانە و نیشتمانپەروەرانە ببینین لە لێک نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوخۆیی و بەرجەستەکردنی ستراتیژێکی کوردستانی.

-پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK باکوور)

-پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP باکوور)

-حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان/باشوور. -حزبی شیوعی کوردستان/باشوور

-بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان /باشوور

-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان /ڕۆژهەڵات

– حزبی شیوعی کوردستان/ڕۆژئاوا.

ئامەد کۆڕبەندی چەپی کوردستان کوردستان

21.10.2025

پەیوەندیدار