لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا پەرلەمانی تورکیا بەپاساوی ڕێگری کردن لەهێرشی تیرۆریستی، درێژە بە مانەوەو ناردنی هێزە سەربازییەکانیان بۆ خاکی عێراق و لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان و سوریا،بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدا نوێکراوەتەوە، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا لە ئارادایە ، جگە لەوەی ئەمە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی و ، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ڕێزنەگرتنی پرنسیپی دراوسێیەتی باشە لە هەمان کاتدا مانای بەردەوامبوونی پەلامارە سەربازیەکانە بۆسەر باشور و ڕۆژاوای کوردستان و ناردنی هێزی زیاتری سەربازی و دروست کردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا کە هەردوو گەلی کورد و تورک هیوایان پێیەتی. نەک بەردەوامی بۆمبارانکردنی گوندەکان و کوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوان و وێرانکردنی ژینگە و تێکدانی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان.
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لەکاتێکدا دژی ئەم بڕیارەیەوسەرکۆنەی دەکات، جەختدەکاتەوە کە گەلی کوردستان نابێت بکرێتە قوربانی قەیرانی سیاسی و ئابوری ناوخۆو دەرەوەی وولاَتانى ناوچەکە.
هێرشەکانی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان ، جگە لە شەڕو داگیرکاری و لەناو بردنی گەلەکەمان شتێکی دیکە نییە و بەردەوام قەیرانی دەوڵەتداری لە تورکیا قوڵتر کردووەتەوە.
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان بانگەشەی یەکدەنگی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وهەموو هێزە ئازادیخوازەکانی جیهان دەکات و داواکارەهەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا ئەنجامی ئەدات.
لە هەمان کاتدا پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا بێدەنگ نەبن و بەرگری لە سەروەری نیشتمانی نەکەن کە بەم شێوەیە ووڵاتەکەمان بکرێتە مەیدانی شەڕ و گەلی کوردستان بەتایبەتی وگەلانی عێراق بەگشتی باجەکەی بدەن . لە کاتێکدا بەرگریکردن مافێکی ڕەوای هەر گەلێکە لە پێناو بوون و ئازادی و سەربەخۆی گەل و ووڵات.
داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین وەک پرسێکی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بکەن و لە ڕێگای گوشاری سیاسییەوە فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا تاکو دەست لەم جۆرە سیاسەتە هەڵبگرێت و کۆتایی بەسیاسەتی داگیرکارانەی بهێنێت.
ئەزمونی گەلان بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە هەرگیز شەڕو وێرانکاری نەیتوانیوە ڕێگا لە بەدەستهێنانی مافی ڕەواو خواستی سەربەخۆیی گەلان بگرێت .
سەرکەوتو بێت ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان و تەواوی گەلانی جیهان. لە پیناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار و چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
24ی ئۆکتۆبەر2025




