کوردستانیانی ناوچە دابڕێندراوەکان!
دەنگدەرانی ئازاد!
ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدان بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، ئەگەرچی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەپێی سیستەمێکی نادادپەروەرانە، سانت لیگۆی1.7ی هەموارکراو دەکرێت و هێشتا زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد لە ئاستی عێراق و کوردستان لەبار نییە و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان وەکیەک فەراهەم نییە و هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی ویست و ئارەزووی خەڵک نییە، هێشتا ساختەکاری و دیزاینکردن و کڕینی دەنگ و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕێز نەگرتن لە ویستی دەنگدەران لە پرۆسەی هەلبژاردن بوون و بەردەوامبوونی هەیە.
لە سۆنگەی ئەم ڕەوشە ناهەموارە و نەبوونی دەرفەتی یەکسان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداریی نەکرد و لیستی پێک نەهێنا.
سەرەڕای ئەو ڕاستییانە و سەرەڕای بێباکی کوتلە کوردستانییەکان لە پیادەکردنی سیاسەتێکی هاوبەشی کوردستانی، پێمان وایە ئەو هەڵبژاردنە لەو ڕەوشەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقی پێدا تێپەڕدەبێ، کارتێکردنی لەسەر ئاییندەی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە بەدەر لە ململانێ نێوان حزبە سیاسییەکان، لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی، داوا لە ئەندام و لایەنگرانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە کوردستانییانی ئەو ناوچانە دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی تەعریبی نوێ و نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی لە کەرکووک و ئەو ناوچانەدا، بۆ بەرژەوەندیی کوردستانی، بەشداری لە هەڵبژاردن و دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن.
دەنگدان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیارێتی تاکەکەسی و گشتییە.
بێتەدی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
7-11-2025




