مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پیرۆزبایی دڵسۆزانە لە خەڵکی عیراق دەکەم بەبۆنەی تەواوبوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەروەها هەنگاوێکی چارەنووسسازە بەرەو پتەوکردنی سەقامگیری و دیموکراسی لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی عیراق جارێکی دیکە پاپەندبوونی خۆی بە ئازادی و سەروەری یاسا و دامەزراوە نیشتمانییە بەهێزەکان نیشاندا، هەروەها دەستخۆشی لە حکومەتی عیراق دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو هەڵبژاردنە گرنگە لەکاتی خۆیدا و بە ئاسانی بەڕێوەچوو، ئەمەش نیشانەیەکی روونە بۆ عیراق کە بەرەو خۆشگوزەرانی و سەروەری زیاتر هەنگاو دەنێت.
مارک ساڤایا راشیگەیاند، ئەمریکا بە گرنگیەوە پاپەندە بە پشتیوانیکردن لە سەروەری عیراق و هەوڵەکانی چاکسازی و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی دەرەکی و میلیشیا چەکدارەکان، دەشڵێت بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنن لەگەڵ حکومەتی داهاتوو بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی و لە بواری ئاسایش و وزە و گەشەپێدانی نێوان ئەمریکا و عیراق، هەروەها هاوکاری بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و خۆشگوزەرانن بۆ هەموو عیراقییەکان.




