بێکەس قادر
ئەوەی لە بەرانبەر گەلی کوردستان دەکرێت لە سووریا، لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا، ئیعلانی شەڕی قڕکردنە، بە هەر ناونیشانێك بێت جاڕی شەڕی جەهالەتە دژ بە خەڵکی کوردستان، هەڵڕشتنی ڕق و ژەهری شۆڤێنیزمی عەرەبی ئاوێتە بە فێندەمێنتالیزمی ئایینی و مەزهەبی و خێڵەکییە بەرانبەر خەڵکی ئازادیخواز، کە دەیەوێت لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی سەربەرزانە بژی، بۆیە هاوپشتی لەگەڵ ڕۆژئاڤای کوردستان ئەرکی تاک بە تاکی کوردستانیانە!کات کاتی هاوپشتی نەتەوەیی و بەلاوەنانی ناکۆکییە لاوەکیەکانە. کاتی گەیاندنی هەڵوێستی گەلی كوردستانە بە هەموو جیهان.لەو کاتە هەستیارەدا، بێدەنگی چ مانایەکی هەیە، پاساو هێنانەوە بۆ ئەو ڕەوشە ئاو لە ئاشی کێ دەکات.لەو کاتەدا کە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان داوای هەڵوێست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت، بێدەنگی و بێهەڵوێستی سەرۆککۆماری عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چ مانایەکی هەیە. سەرۆککۆماری کورد، نە دەنگی هەیە، نە ڕەنگ!
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆچی بەلایەنی کەمەوە، چ پێکەوە، چ هەر لایە و بە جیا دەنگ هەڵنابڕن و یاداشتێک نادەن بە بالیۆزخانەکانی وڵاتان لە بەغدا.دەبێ لە بیریان بێت، کە ئەوانیش کوردن و خەڵکی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان شەڕی بەسەر فەرز دەکرێ و کارەساتی بەسەر دێت!



