ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕۆژاوای کوردستان و مەترسییەکانی ئەو ڕەوشە، شەپۆلێکی بەرفرەوانی خۆپیشاندان و دەربڕینی هەستی هاوچارەنووسسازی خەڵکی کوردستانی لە ناوەوە و دەرەوە لێکەوتەوە بۆ هاوپشتی و پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان.
ئەم هاودەنگی و کۆدەنگییە، دەستپێکی قۆناخێکی نوێی یەکڕیزییە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پڕۆژەی نەتەوەسازی و ڕەنگڕێژکردنی ستراتیژیی کوردستانی. لەو چوارچێوەیەدا؛
یەک: لە سۆنگەی هاوهەڵوێستی و بەرپرسیارێتی نەتەوەییمان، پێشوازی لە پەرۆشی و هەوڵی خەمخۆرانەی نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەکادیمیست و چالاکانی مەدەنی و ئەنجومەنەکانی پشتیوانی لە ڕۆژاوا دەکەین بۆ یەکڕیزی و پڕۆژەی نەتەوەسازی، هیوادارین ئەم تێکۆشانە بەرهەمدارە بەردەوامی هەبێت و ببێ بە بناخەیەکی پتەو بۆ کاری هاوبەشی نیشتمانی. با پێکەوە لە هەڵمەتی بە هاناوەچوونی ڕۆژاوای کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان بەردەوام بین و مەترسییەکانی ڕەوشەکە بگۆڕین بۆ دەرفەت و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بە هەموو جیهان.
دوو: هاوکات لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بانگ لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، هەتا درەنگ نەبووە، لەو ساتەوەختە مێژووییە هەستیارەدا، لە دەرەوەی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی نەمێننەوە و پێویستە ناکۆکییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و یەکهەڵوێستی لە چوارچێوهی گوتارێکی سیاسی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت و کۆتایی بە لێکترازان بهێنرێت و پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی بنکە فرەوان بکرێ.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
26ی کانوونی دووەمی 2026




