بەڵێن عەبدولڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پێشوازی جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا و شاندی یاوەری جەختی لە هەستیاری تێکۆشانی گەلی کوردستان کرد لە تەواوی پارچەکانی کوردستان لەو بارەیەوە بۆ شاندی میوان گووتی:
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێمان وایە هەرێمی کوردستان دەبێت وەک پشت و پەناو و قوڵایی ستراتیژی بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان هەڵسوکەوت بکات.
سەر لە بەیانی ڕۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٦ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەڵێن عەبدولڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئامادەبوونی بێکەس قادر جێگری سکرتێر و هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دلزار عەبدولڵا بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان و بەدرخان ئەحمەد ئەندامی مەکتەب، پێشوازیان کرد لە ئازاد عەلی جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا و وەیس مستەفا ئەندامی کۆمیتەی سیاسی حیزب؛ ئامینە ڕەشۆلیک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی هەیکەلی تەشکیلاتی هەرێمی کوردستان؛ مەحمود محەمەد؛ و د.حەسەن جەویش ئەندامانی سەرکردایەتی ڕێکخراوەیی ناوچەکە.
لە دیدارێکی دۆستانە دوا پەرەسەندنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا، لەو بارەیەوە جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا لەسەر ناوی پارتەکەی سوپاسی هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد لە پشتیوانیان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان.
لە تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکە وێڕای باسکردن لە پەیوەندی نێوان هەردوولا دوا پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی جیهان و ناوچەکە قسەوباسیان لەبارەیەوە کرا و کاری هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان وەک زەروڕەتێکی قۆناغەکە چەختی لێکرایەوە.





