لە 5ی ئادار، بە شانازییەوە یادی ڕۆژانی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دەکەینەوە، ڕاپەڕین لوتکەی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و داگیرکاریی بوو، گەل یەکڕیزیی خۆی پێکهێنا و خەڵک هاتە مەیدان و باشووری کوردستان لە ژێر چەپۆکی سوپای داگیرکەر ڕزگار کرا. لەم بۆنە مێژووییەدا، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و تێکڕای شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕین، هاوکاتە لەگەڵ ڕەوشێکی ناهەموار، کە شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشاوە، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران درێژەی هەیە و لە فراوانبوون دایە. نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە دایە، ئەم ڕەوشە ڕاستەوخۆ کارتێکردنی لەسەر عێراق، هەرێمی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بەگشتی هەیە، مەترسییەکانی ئەم شەڕە و لێکەوتەکانی پێویستی بە وریایی سیاسی و هەڵسەنگاندنی بابەتییانە و گەڵاڵەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی گەلەكەمان و تێپەڕاندنی ڕەوشەکە.
بۆیە لە یادی ڕاپەڕین، بە تێگەیشتن لە هەستیاری ڕەوشەکە ئێستا لە هەر کاتێکی تر، پتر پێویستمان بە مانیفێستی نەتەوەسازیی و نیشتمانسازییە، کە فۆڕمێکی نوێ بە سیاسەت و حزبایەتی و دەسەڵاتدارێتی بداتەوە، بە پێوەر و پرەنسیپەکانی کوردایەتی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شکۆی خەبات و قوربانیدان و سەروەرییەکانی گەلەكەمان ببەسترێتەوە و دەستەبەری سەقامگیریی سیاسی و یەکڕیزیی بکاتەوە.
لە ڕۆژانی بەرەنگاربوونەوەی پلانی لەنێوبردن و بێ دەستکەوتکردنی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، خەڵکی کوردستان یەکڕیزیی خۆی پێکهێنا و گەل لە ناوە و لە دەرەوەی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەستا و پەیامی خۆی بە هەموو لایەك دا. کاتی ئەوەیە حزبە سیاسییەکان بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێن و لە دەرەوەی ئەو یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستییە نەتەوەییە نەمێننەوە.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە یادی ڕاپەڕین و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی خۆیەوە لەم کاتە چارەنوسسازەدا،جەخت دەکاتەوە لەسەر :
یەک: پتەوكردنی یەکڕیزیی کوردستانی و سەقامگیریی سیاسی و ئارامی هەرێمی کوردستان و سەلامەتی خەڵکەکەی و دەستەبەرکردنی پاراستنی هەرێم لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
دوو: پەلەکردن لە بەلاداخستنی کێشەکانی نێوەخۆی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مووچە و پێداویستییە سەرەکی و هەنووکەییەکانی خەڵک.
سێ: کارکردن بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەشی کوردستانی، چونکە جارێکی تر ڕاستی ڕووداوەکان دەریانخستەوە مەسەلەی کورد یەک مەسەلەیە.
سەرکەوێ ویستی گەلی كوردستان بۆ یەکڕیزیی و ئازادی و سەرفرازی.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
5ی ئاداری 2026




