ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە ١٤ی خۆیدا بڕیارێکی گشتگیری هەشت خاڵی بۆ ڕێکخستنی کەرتی نەوت و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پەسەند کرد و جەختی لەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەرجەم قۆناغەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی وزە کردەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بڕیارە نوێیەکەیدا حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بە دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو و نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک و موسڵ و زومار و فیشخابوور بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی.
هاوکات داوای کردووە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە ماوەیەکی دیاریکراودا بنێردرێتە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتی تەواوی قۆناغەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی نەوت بکات .
پەرلەمان جەختی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
بڕیار دراوە بە دابینکردنی نەوتی ڕەش بۆ کارگەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کەڵەکەبوونی لە پاڵاوگەکاندا و لە گرنگترین خاڵی بڕیارەکەدا حکومەتی فیدراڵ پابەند کراوە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ پشتگیریکردنی یاسایی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەدا.




