بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2726، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو کوردستانییان و خەباتکارانی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و داگیرکاریی هەر چوار بەشی کوردستان دەکەین. جەژنی نەورۆز، هێمای هاوخەباتی نەتەوەیی و تاودانەوەی کوردایەتی و نەتەوەسازی و یەکڕیزیی کوردستانییە.
ئەمساڵ لە ڕەوشێکی سەخت و چارەنووسسازدا، پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکەین، شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەكە لە پەرەسەندن دایە، سەرەڕای ئاڵنگاریەکانی ئەم ڕەوشە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاری و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دایە، بۆیە ئەم دۆخە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلەکەمان و حزبە سیاسییەکانی کوردستانە. هیوادارین کوردستان و گەلەکەمان پارێزراو بێت،
نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2726، دەستپێکی سەردەمێکی نوێ، سەردەمی ڕزگاریی و کۆتایی ستەمکاریی بێ.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
20 ی ئاداری 2026




