لەبارەی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی “بەزاندن” و “پێشێلکردنی” چەندبارەی سەروەریی خاکەکەی دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، “بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە مووشەک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە هەر پاساوێک، هەڵوێستێکی ناڕاست و بەلاڕێدابردنی رەوتی رووداوەکانە و جێگای سەرسوڕمانە.”
دەقی راگەیێندراوەکە:
بەزاندن و پێشێلکردنی چەندبارەی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەکباران، بە تووندی سەرکۆنە دەکەین.
بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە مووشەک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە هەر پاساوێک، هەڵوێستێکی ناڕاست و بەلاڕێدابردنی رەوتی رووداوەکانە و جێگای سەرسوڕمانە. ئەم جۆرە هێرشانە، کە بەردەوام دەکرێنە سەر خاکمان و بەو هۆیەوە، خەڵکی سیڤیلیش دەبنە قوربانی، شەرمەزار دەکەین و پێویستە کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێنرێت.
سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2022/9/28




