دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە 222 ملیۆن دینار بۆ مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكارانی توشبوو بە شێرپەنجە كۆكردووەتەوە و بە یەكسانی بەسەریاندا دابەش دەكرێت.
دڵشاد عومەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاریان لە نێو پەروەردە بۆ كارمەند و خوێندكاران و مامۆستایانی توشبوو بە شێرپەنجە ئەنجامداوە، وەك و بەشی یەكەم توانیان بڕی زیاتر لە 222 ملیۆن و 601 دۆلار كۆبكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پەروەردەی سلێمانی خاوەنی هەزار و 406 خوێندنگا، 374 هەزار و 328 خوێندكار و 39 هەزار و 765 مامۆستا و فەرمانبەرە، لەو ژمارەیە بەپێی ئامارێك كە پەروەردەی سلێمانی كۆیكردووەتەوە 164 مامۆستا، 53 فەرمانبەر و 152 خوێندكار توشبووی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی شێرپەنجەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو پارەیە كە چاوەڕوان دەكرێت زیادبكات، لە ئایندەیەكی نزیكدا بە یەكسانی دابەشی دەكەن بەسەر نەخۆشەكاندا، هەریەك لە توشبووان لە سنوری پەروەردەكانی خۆیاندا ئەو دیارییەی خێزانی پەروەردەیان پێدەدرێت.




