بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، غەززە داگیر ناکەن، بەڵكو ئەو كەرتە لە دەستی حەماس ڕزگار دەکەن، لە چەک دادەماڵرێت و ئیدارەیەکی مەدەنیی ئاشتیخواز دادەمەزرێت كە لە داهاتودا هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکات.
بنیامین نەتانیاهۆ، لە پەیامێدا لە پەرەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی “X” بڵاویكردەوە، “ئێمە غەززە داگیر ناکەین، بەڵام ئەو كەرتە لە حەماس ڕزگار دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “غەززە چەک دادەماڵرێت و ئیدارەیەکی مەدەنیی ئاشتیخواز دادەمەزرێت، ئیدارەیەک کە نە دەسەڵاتی فەڵەستینییە، نە حەماس و نە هیچ ڕێکخراوێکی دیكەی تیرۆریستی”.
بنیامین نەتانیاهۆ باسی لەوەشكرد، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕزگارکردنی بارمتەکان و دڵنیابونەوە لەوەی کە غەززە لە داهاتودا هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکات.
لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ فرێدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کردوە و نائومێدیی خۆی دەربڕیوە لە بڕیاری بەرلین بۆ سەپاندنی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل.
دەشڵیت، “لەبری پشتیوانیکردنی شەڕی دادپەروەرانەی ئیسرائیل دژی حەماس، کە قێزەونترین هێرشی دژی گەلی جولەکە لە دوای هۆلۆکۆستەوە ئەنجامدا، ئەڵمانیا حەماس بە قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئیسرائیل پاداشت دەکاتەوە”.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەکانی دوبارە کردەوە کە “ئامانجی ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی غەززە نییە، بەڵکو ڕزگارکردنیەتی لە حەماس و ڕێگەخۆشکردنە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی ئاشتیخواز تێیدا”.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فرێدریش مێرتس ڕایگەیاند کە بەرلین هەناردەکردنی ئەو کەرەستە سەربازییانە بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت کە لەوانەیە لە شەڕی غەززەدا بەکاربهێنرێن، ئەوەش وەک وەڵامێکە بۆ پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە.




