نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت، جەنگی ئێران بەردەوام بێت، 45 ملیۆن کەسی دیکە دەچنە ناو سنووری برسێتیی تووند.
کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی پرۆگرامی جیهانیی خۆراک کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە دەڵێت “ئەگەر ئەو جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ بەردەوام بێت، 45 ملیۆن کەسی دیکە لە ئاستی جیهان، دەچنە ناو بازنەی برسێتیی تووندەوە”.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا 319 ملیۆن کەس لە جیهاندا لەژێر هێڵی برسێتیدان.
سکاو دەڵێت، جەنگەکە بەردەوام بێت دۆخێکی کارەساتباری بێپێشینە دروست دەبێت، چونکە پێش جەنگیش دۆخی برسێتی لە ئاستێکی زۆر خراپدا بووە، کە هەرگیز وێنەی نەبووە.
جەنگی ئێران بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوبات بۆ سەر تاران و کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. بەهۆی وەستانی هاتوچۆ لە گەرووی هوورمزیش، جیهان بەرەو ڕووی قەیرانی دابینکردنی وزە بووەتەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک هەبووە.




