ئەمرۆ 14ی ئایاری 2026، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سزای لە سێدارەدانی بۆ تاوانبار ‘عەجاج ئەحمەد حەردان’ ناسراو بە “جەلادی زیندانی نوگرەسەلمان” و یەکێک لە بەرپرسەکانی رژێمی پێشووی بەعس دەرکرد، لە بەرانبەر ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لە دژی دەستبەسەرکراوانی شاڵاوی ئەنفالەکانی ساڵی 1988، لە زیندانی نوگرەسەلمان دا.
سزادانی تاوانبارانی ئەنفالەکان، بڕیارێکی دادپەروەرانەیە و چرکەساتێکی مێژووییە، کە کەسوکاری قوربانیان و گەلی کورد و جیهان تاوانباران لەبەردەم دادگا دەبینن، بە ڕیسوایی و شەرمەزاری سزای تاوانەکانیان وەردەگرن.
بەدیهێنانی عەدالەتی ئینتیقالی و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیانی شالاوی ئەنفالەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراق دایە، پێویستە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو دۆسیەیە لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بجوولێندرێت و وەک ڕابردوو فەرامۆش نەکرێت و دۆزی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفالەکان و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لێرەدا کۆتایی پێ نایەت.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
15ی ئایاری 2026




