کۆمیسیۆن کۆی گشتی سکاڵاکان بڵاودەکاتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارە و جۆری ئەو سکاڵایانەی بڵاوکردەوە کە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت تۆمارکراون.

بەپێی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتی سکاڵاکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە 397 سکاڵا بوون؛ 361 سکاڵایان لە ئەنجامی گشتی و 27 سکاڵایان لە ئەنجامی تایبەت بوون.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆمیسیۆن ئەو 397 سکاڵایەی بەم شێوەیە پۆلێنکردووە: 161 زەرد، 138 سەوز و 10 سکاڵا سوور، هەروەها 88 سکاڵاش بۆ پۆلینکردن کاریان لەسەر دەکرێت.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 19-10-2021 وادەی وەرگرتنی تانە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتاییهات و تاوەکو ئەو کاتەش کۆمیسیۆن هەزار و 381 تانەی وەرگرت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دەستەیەکی دادوەریی سەیری تانەکان دەکات، کە لە سێ دادوەر پێکهاتووە؛ کۆمیسیۆنیش پابەندە بە بڕیارەکانیانەوە.

جومانە غەلای گوتیشی، دوای ئەوەی دەستەکە کۆتایی بە پرۆسەی سەیرکردنی تانەکان دەهێنێت و بڕیاری پێویست دەدات، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت و دواتر ئەنجامەکە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسند دەکرێت.

هاوکات عیماد جەمیل، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بە دووری زانی بەدەست دەنگی هەموو وێستگەکانی دەنگدان جیابکرێنەوە.

هەر لەوبارەوە، تارق حەرب، شارەزای یاسایی رایگەیاند، دە رۆژ لەبەردەم ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و حەوت رۆژیش لەبەردەم دەستەی دادوەرییدایە بۆ ئەوەی سەیری تانەکان بکات.

پەیوەندیدار