کارەساتی ئەنفال؛ بیرەوەرییەکی خەمناکە لە ڕابردوو و ئێستادا

 لە 14 نیساندا گەلی کوردستان بیرەوەرییەکی خەمناک یاد دەکاتەوە؛ کارەساتێک کە نەک تەنیا بەشێک لە مێژووە، بەڵکوو برینێکی ساڕێژ نەبووە و لە  ویژدانی گەلەكەمان دەمێنێتەوە.

کارەساتی ئەنفال، ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی سەددام بە شێوەیەکی سیستەماتیک جێبەجێ کرا، لە ماوەی چەند مانگێکدا، هەزاران گوند و شارەدێ وێران کران، سەدان هەزار کەس ڕاگوازران و پتر لە 182 هەزار مرۆڤی سڤیل بە شێوەیەکی دڕندانە لەنێو بردران. ئەم کارەساتە، هەڵڕشتنی ڕقی شۆڤێنیزمی عەرەبی و لوتکەی تاوانکاری و توندوتیژی بوو، بەرانبەر گەلێکی بێتاوان ئەنجام درا، وەکوو لەکەیەکی شەرمەزاریی بە کەوێلی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراق دەمێنێتەوە، بۆیە نابێ دەوڵەتی عێراق لە ئاست ئەم تاوانە بێدەنگ بێت و بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان نەکات.
ئەمڕۆ، کاتێک یادی ئەنفال دەکەینەوە، هێشتا ئەم کارەساتە بەشێک نییە، لە چەقی بڕیار و ستراتیژی نەتەوەییمان، هێشتا بەشێک نییە لە بەرپرسیارێتی مێژووییمان، هێشتا سێبەری ئەگەرێکە لە داهاتوومان دا.
ئێستا لەو ڕەوشە هەستیارەدا، کە شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران کاریگەری و کارتێکردنی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و کوردستان لە پەرەسەندنە، سەرەڕای ئاڵنگاریەکانی ئەم ڕەوشە، هێشتا بەستەلەگی چەقبەستی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان نەتواوەتەوە، لە جیاتی ئەوەی لە ئاستی عێڕاقدا، بە بەرنامەیەکی هاوبەش، کار بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستە دەستورییەكان بکرێ، ململانێ لەسەر پۆست و ئیمتیازاتی حزبی لە برەو دایە. بێباکی لە ئاست پرسە سیاسییەکان، پرسی نەتەوەسازیی و نیشتمانسازیی، خەم و خەونەکانی گەلەكەمان، پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانی باش و دادپەروەرانە و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشتر، ئۆباڵی لە ئەستۆی هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان دایە.
لەو یادە خەمناکەدا، سڵاو لە گیانی قوربانیانی ئەنفالکراوان، سڵاو لە هەموو قوربانیانی کارەساتەکان، لە خەڵکی بەشمەینەت و ستەم لێکراو.

مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
14ی نیسانی 2026

پەیوەندیدار