ئینتەرنێت و كارەبا مەترسیان لەسەرە بەهۆی هاتنی گەردەلولێكی بەهێز بەرەو زەوی

ئاژانسی ناسا ئاشكرایده‌كات، گه‌رده‌لولێكی به‌هێز كه‌ له‌هه‌ساره‌ی خۆره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتوه‌، ڕوو له‌زه‌وی ده‌كات‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی له‌كارخستنی هێڵه‌كانی كاره‌باو ئینته‌رنێت.

ناسا باسی له‌وه‌كردوه‌، گەردەلولی خۆر یەکێکە لەدیاردە باوەکانی “کەشوهەوای واڵایی”و کاتێک دروستدەبێت کە خۆر لەئەنجامی تەقینەوەی گەورەدا ڕێژەیەکی زۆر لەپلازماو وزەی موگناتیسی دەردەدات، ئەگەرچی ئەم گەردەلولانە مەترسی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر مرۆڤ نییە، بەڵام کاریگەری دەخەنە سەر بواری موگناتیسی زەوی‌و دەکرێ ببنەهۆی ڕاوەستانی ئامێرەکانی تەکنەلۆجی.

ئه‌وه‌شی ڕونكردۆته‌وه‌، ئەم گەردەلولانە دەبنەهۆی دروستبونی دیاردەی سروشی سەرنجڕاکێشی ناسراو بەئەورۆرا یاخود “تیشکی جەمسەری” کە تێیدا ئاسمانی ناوچەکانی نزیک لەجەمسەرەکانی ڕوی زەوی بەڕوناکی سەرنجڕاکێش دادەپۆشرێن.

خولی خۆر هەر 11 ساڵ جارێک لەبواری موگناتیسی خۆردا ڕودەدات، پێشبینیدەکرێت ئەم خولەی ئێستا لەساڵی 2025 بگاتە ترۆپک.

ده‌نگی ئه‌مریكا به‌سودوه‌رگرتن له‌ئیندیپێندنت بڵاویكردۆته‌وه‌، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە لەزانکۆی کالیفۆرنیا ئێرڤن، ئەگەری هەیە ئەو گەردەلولە خۆریانەی ئێستا گاریگەری زۆرتر بخەنەسەر ئەو هێڵانەی ئینتەرنێت کە لەژێر دەریا دان، چونکە زۆرترین مەودایان هەیە.

هەروەها پێشبینی ئه‌وه‌شكراوه‌، ئەمریکا لەوڵاتانی ئەوروپا زیاتر زیانی بەربکەوێت لەئەگەری ئەم گەردەلولانە، وڵاتانی (ئاسیا، بەتایبەت سینگاپور) کەمترین هەڕەشەیان لەسەرە بەهۆی کورتی وایەرەکانی ئینتەرنێت.

پێشتر گەردەلولی بەهێزی خۆر ڕوبەڕوی زەوی بوەتەوە، بەڵام لەکاتێکدا کە مرۆڤایەتی وەکو ئێستا پشتی بەکارەباو ئینتەرنێت نەبەستبوو. ساڵی 1859 گەردەلولێکی بەهێزی خۆری بواری موگناتیسی زەوی گرتەوە کە بوە هۆی لەکارکەوتن‌و گڕگرتنی چەندین هێڵی سیستەمی گواستنەوەی تێلەگرافی لەسەرتاسەری جیهان.

پەیوەندیدار