وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنووری کفری هێرشیکردووەتە سەر پێشمەرگە و هێرشەکە تێکشکێنراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، شەوی رابردوو لە کاتژمێر ١٠ و ١٨ خولەکدا، چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی پاسەوانی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری فەوجی ۳ی لیوای ۱۷ی پیادە لە سنووری کفری.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێزەکانی پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و چەکدارانی داعش کشاونەتەوە.”
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە، بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە دایە و “پێشمەرگە لە راوەدوونانی داعش بەردەوامن.”
لە شەوی ٢٧ی ئەم مانگەدا، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش هێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ هێزەکان رۆشتووە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.
گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانییان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێهێنانی گروپەکەی لە خاکی عێراق راگەیاند.