رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا و عێراق ئەوەندەی خزمەتیی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعی کرد، ئەوەندە خزمەتی گەلی سوریای نەکرد.
رامی عەبدولرەحمان دەڵێت، دوای ئەوەی تۆم باراک لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و دواتریش لەگەڵ نوێنەری بنیامین نەتانیاهۆ لە پاریس کۆبووەوە، پیلانگێڕییەکان دژی گەلی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەستیپێکرد.
لەلایەکى دیکەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، توم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، لە چوارچێوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵێکی سەرکردایەتی لە هەردوو دۆسیەی سوریا و عێراق، ئەمەش سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ڕایگەیاندووە: “باڵیۆز توم باراک وەک نێردەی تایبەتی ئێمە بۆ سوریا ڕۆڵێکی بێوێنە و بەنرخی گێڕاوە”. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە ئەو ناوونیشانە فەرمییەی کۆتایی دێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی سەرکردایەتی لە ئیدارەی ترەمپ بۆ هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق.
ڕوبیۆ باسی لەوەشکردووە، ئەزموون و پەیوەندییەکانی توم باراک و هەروەها تێگەیشتنی تەواوی بۆ ئەجێندای “ئەمریکا یەکەمە”، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.




