لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی(622) ڕۆژ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا، هێشتا دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بە کراوەیی ماوەتەوە، نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، نە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک هێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ناوچەکە بە هۆی کاریگەریەکانی شەڕ و پێکدادان، ململانێ و ناسەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەکانەوە بە دۆخێکی ئاڵۆز تێپەڕ دەبێت، ئاشکرایە بە هۆی کەلەکەبوونی کێشەکان و فراوانبوونی مەودای لێکترازانی سیاسی و زەقترکردنەوەی ناکۆکییە لاوەکییەکان لە نێوەخۆدا، هەرێمی کوردستان لەگەڵ بنبەستی سیاسی ڕووبەڕووبووەتەوە، کە درێژەکێشانی ئەو ڕەوشە چەقبەستووە و لێکەوتەکانی کاری لە پێگەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان کردووە. بە تێڕوانینی ئێمە ئەو بنبەستە سیاسییە لە هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکاریی پۆستەکان لەنێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار و پێکهێنانی حکومەت ناگەڕێتەوە، بەڵکوو لە بنچینەدا بۆ شکستی فەلسەفە و ڕوانگەی دەسەڵاتدارێتی و بەسەرچوونی شێوازی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە. بۆیە بۆ دەربازبوون لە بنبەستی سیاسی، بەر لە سازان و رێککەوتن لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەت، لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە لێکتێگەیشتن و تێگەیشتنی واقیعیانەیە لە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان، بە ڕوانگەیەکی هاوبەش و ئاراستەیەکی دروستی حکومڕانی و هەنگاوی بنیاتنانەرانەیە. حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە سۆنگەی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیدا، هاوهەڵوێست لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە نیشتمانییەکان کار دەکات بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار و گرتنەبەری ئاراستەیەکی نیشتمانی کوردستانی و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک، لەو پێناوەدا جەخت لەسەر ئەم بنەمایانە دەکات.
یەکەم: پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەیی و دیموکراسییەکان.
دووەم: پاراستنی یەکڕیزیی کوردستانی و چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بەردەوام و بنیاتنانەرانە و سازانی نیشتمانی هاوسەنگ و بەلاداخستنی بەربەستەکانی بەردەم پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی بنکە فرەوان.
چوارەم: داڕشتنی ستراتیژێکی سیاسیی هاوبەش، کە ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێت:
1. داڕشتنی ڕوانگەیەکی نوێ بۆ حکومڕانی، کە پایەکانی هەرێم لە ڕووی دەستووری، یاسایی و دامەزراوەیی بەهێز بکات.
2. داڕشتنی سیاسەتێکی هاوبەش، بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.
3. بەستنی کۆنفرانسێکی کوردستانی بۆ پرسی نەتەوەسازیی و نیشتمانسازیی و پەرەپێدانی دیالۆگی کوردستانی.
4. زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی پێکهێنانەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان.
5. هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش دەست بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت.
6. گەڵاڵەکردنی سیاسەتێکی هاوبەش، لە پشتگیریکردنی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستان و چارەسەری ئاشتیانە.
لە کاتێکدا کە عێراق بە قەیرانە فرە ڕەهەندەکانیەوە، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەنگاو دەنێت، ناکرێ هەرێمی کوردستان بێ دەربەست، لە نێو بنبەستی سیاسی بخولێتەوە، دەربازکردنی هەرێم لەو ڕەوشەدا، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
کۆمیتەی ناوەندیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
4ی تەمموزی 2026




