بەڕێز مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
بابەت: پیرۆزبایی
سڵاوێکی گەرم..
بە بۆنەی (33) یەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و هەموو ئەندامانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین، حزبی شیوعی لە مێژووی تێکۆشانیدا ڕۆلێکی فیداکارانەی هەبووە لە قۆناخە جیاکانی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و دیکتاتۆری و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان دا، هیوادارین ئەم بۆنەیە دەرفەتێک بێت بۆ پەرەپێدانی خەبات و بەدیهێنانی ئامانجە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان.
بەڕێزان:
ئەم بۆنەیە بە ڕەوشێکی زۆر هەستیار تێپەڕ دەبێت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریی گەورە و تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستنی سیاسی و لێکەوتەکانی ئەم دۆخە دایە، بۆیە هەرچی زووە دەبێت کۆتایی بە لێکترازانی سیاسی بهێنرێت و لە ڕێگەی دیالۆگێکی بنیاتنەرانەدا پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بکرێت و هاوکات لەگەڵ حکومەتی عێراق دەست بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت و لە هەموو ڕوویەکەوە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێت.
لە 33یەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان و پێویستیی پەرەپێدانی تێکۆشانی هاوبەشی چەپی کوردستانی و بە دەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە دەکەینەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان




