كۆچبەرێكی دیكەی كورد بەهۆی سەرماوە گیانیلەدەستدا

دوای ئەوەی بەھۆی سەرما و دووگیان بوونییەوە نەخۆش دەکەوێت و زیاتر لە ٢٠ رۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پۆڵەندا چارەسەری وەرگرت، کۆچبەرێکی دیکەی ھەرێمی کوردستان کە خاوەنی پێنج منداڵە گیانیلەدەستدا.
ئەڤین عیرفان زاھیر، خەڵکی پارێزگای دهۆکە، دایکی پێنج منداڵ بوو لە هەمانکاتدا دووگیان بوو، بەهۆی سەرما و ماندوبوون کۆرپەکەی ناو سکی لەباردەچێت و لە یەکێژ لە نەخۆشخانەکانی پۆڵەندا لە ژێر چاودێری پزیشکیدابوو.
باوکی “ئەڤین عیرفان” ئاماژەی بەوەدا، پێش ٢٠ رۆژ لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەری بۆ کراوە و منداڵەکەی بە مردوویی لە دایک بووە و چارەسەریشی وەرگرتووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی سەرما کاریگەری لەسەر گورچیلەکانی دانابوو گیانیلەدەستداوە.
باوکی ئەڤین ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕێدەکەن لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تەرمی کچەکەیان بەگەڕێننەوە ھەرێمی کوردستان.
ئەڤین عیرفان پێش چەند مانگێک لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانی گەشتیان بۆ بیلاروسیا کردووە بە ئامانجی کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا چوبوونە ناو وڵاتی پۆڵەنداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەھۆی خراپی کەشوھەوا و دۆخی گوزەران و سەختی رێگاوە چەند کۆچبەرێکی ھەرێمی کوردستان لە گەنج و پیر و منداڵ و ژنی دووگیان لە سنورەکانی نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا گیانیانلەدەستداوە.

پەیوەندیدار