پزیشكێكی كورد لە پۆڵەندا دەڵێت، كۆچەران گەڵای دار دەخۆن و ئاوی ئەو روبارانە دەخۆنەوە كە پاشماوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدایە، ئەگەر فریای كۆچەران نەكەون لەوانەیە زۆر كەس بمرێت لەو سەرمایە لەو سنورانەی پۆڵەندا هەیە.
د.ئەرسەلان بەكر پزیشكی پسپۆڕی هەناویی لە شاری بیلسك پۆدلاسكی پۆڵەندا لە گفتوگۆیەكدا بە دەنگی ئەمریكای وتووە، رۆژانە چەندین كۆچەریان دەهێنایە نەخۆشخانە كە بارودۆخیان خراپ بوو، بەهۆی ئەوەی نان و ئاو نەبوو بیخۆن و گیا و ئاوی پیسیان دەخوارد، مرۆڤ گریانی بۆیان دەهات، بەڵام چەند رۆژێكە كەسیان نەهێناوە، ئەوەش جگە لەو سەرما زۆرەی لە سنورەكان هەیە كە دەگاتە 10 پلەی ژێر سفر.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەخۆشەكان منداڵ و بە تەمەن و گەنج و هەموو جۆرێك بوون، بەشی زۆریان ئیلتهابی سنگیان هەبوو یان ئیلتهابی سكیان هەبوو، منداڵەكان هەمووی ئیلتهابی سنگیان هەبوو واتە لە بارودۆخێكی زۆر زۆر خراپدا بوون، چەند كەسێك هاتن بێهۆش بوون و چەند كەسێك هەبوون كەوتبونە ناو ئاو نەیان دەتوانی مەلە بكەن و چەند كەسێك هاتبوون قاچیان شكابوو و دەستیان برینداربوو، بەشی زۆریان لێیان درابوو.
ئەو پزیشكە باسی لەوەش كردووە، 80% بۆ 90% ی كۆچەری كورد بوون، كوردی باشوری كوردستان، رۆژئاوا و كوردی توركیاشی تێدا بوو هەروەها كوردی ئێرانیشی تێدابوو، لە نەخۆشخانەكەی ئێمە كەس گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام دوو كەسیان تەندروستیان زۆر خراپ بوو، یەكێكیان گەنجێكی 22 ساڵ بوو نەخۆشی شەكرەی هەبوو و بێ هۆش بوو شەكرەكەی زیاتر لە 600 بوو، دوو سێ رۆژ مایەوە هەتا رزگار كرا ئێستاش ئەو گەنجە ماوەتەوە لە پۆڵۆنیا، بەڵام نەخۆشێكی ژنی تر بەناوی ئەڤین لە نەخۆشخانەیەكی تر گیانی لەدەستدا.
د.ئەرسەلان لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، كاتێك نەخۆشەكان دەهاتن بارودۆخیان زۆر خراپ بوو، حەزناكەم دوژمنیشم بگاتە ئەو بارودۆخە لە رەزالەتێكی وەها بوون كە باس ناكرێن، ئەگەر فریایان نەكەون لەوانەیە زۆر كەس بمرێت لەو سەرمایە لەو سنورانەی پۆڵەندا شەوان دەبێت بە 10 پلەی ژێر سفر، گەڵای دار دەخۆن و ئاوی ئەو رووبارانە دەخۆنەوە كە پاشماوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدایە.