پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەستی پێکرد

دوای ئەوەی پارێزگاری ھەولێر بڵاوی کردەوە کە لە ھەموو شار و شارۆچەکەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لیژنە بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێک ھاتووە و پڕۆسەکە دەستی پێ کردووە، سەرۆکی لیژنەی شارەوانییش لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رایده‌گه‌ێنێت: ئەنجومەن چاودێریی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکات.
ئەندازیار سلێمان بارزانی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: یاسای بەخاوەنکردن و تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ یەکێکە لەو یاسایانەی خەڵکێکی زۆری تێدا سوودمەند دەبێت و تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی خانووی زێدەڕۆ دێت، چونکە چەندین ساڵە ژمارەیەکی زۆری خانووی زێدەڕۆ ھەن و پێویستیان بە چارەسەر ھەیە.
ئەندازیار سلێمان بارزانی ده‌شڵێت: کاری ئەنجومەنی پارێزگا چاودێرییە و لەگەل دەستپێکردنی پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، ئێمە چاودێریی پڕۆسەکە دەکەین، تا وەک خۆی و بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت و بەگوێرەی یاسا ھاووڵاتییان سوودمەند بن.
بەپێی یاسای ژمارە7ی ھەموارکراو ھەموو ئەو خانووە زێدەڕۆیانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانەوە تاپۆ دەکرێن، کە نزیکەی 300 ھەزار خانوو دەبن و لە سەرەتادا خاوەن خانوو داواکاری پێشکەش بە شارەوانی و یەکەی کارگێڕیی سنوورەکەی دەکەن و دواتر پڕۆسەی تاپۆکردن بەڕێوە دەچێت.

پەیوەندیدار