عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق هۆشداری لە رووخانی ئابوریی وڵات دەدات و باس لەوە دەكات، هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر كەسانی دارایی مامناوەند هەیە، چونكە لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا نەوت داڕوخانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی پشتبەستن پێی.
عەللاوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، بەهۆی ئەوەی عیراق پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و 90%ی كۆی داهاتی گشتییەتی، دوای 10 ساڵی تر هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئەو كەسانەی داهاتیان مامناوەندە دروست دەبێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری نەوت دەچێتە كەرتی هاتووچۆوە، بەڵام لە ساڵی 2030 ەوە پشت بە ئۆتۆمبێل و ئامێری گواستنەوەی كارەبایی دەبەسترێت و لە ساڵی 2040ەوە سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان دەبن بە كارەبایی.
وەزیری دارایی عیراق پێشی وایە، دەوڵەت ناچار دەبێت دەستبەرداری بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی ببێت، ئەوەش كێشەی سیاسی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.