ئێران: بۆ گفتوگۆكردن ئامادەین

حکومەتی ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دەستکردن بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی قوربانییانی فڕۆکە تێکشکێندراوەکەی دوو ساڵ لەمەوبەرن؛ ئەو فڕۆکەیەی شەوی 8-1-2020 لە ئاسمانی تاران لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە خرایەخوارەوە و سەرجەم 176 سەرنیشینەکەی گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تاران ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەو وڵاتانە و بە کرداری دەستی بە پرۆسەی پێدانی ئەو 150 هەزار دۆلارە کردووە کە لە کۆتایی ساڵی 2020دا بەڵێنیدابوو وەک قەرەبوو بیداتەوە کەسوکاری قوربانییانی فڕۆکەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ دەربڕینی ئامادەیی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانە، رەخنەی تووندیشی لە هەندێکیان گرت و رایگەیاند، هەندێک لەو وڵاتانە بابەتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەقۆزنەوە تاوەکو “سوود بە ئەجێندای سیاسی”یان بگەیێنن.

ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، هەر چوار وڵاتی کەنەدا، سوێد، ئۆکراینا و بەریتانیا کە هاووڵاتییانیان بەشێک لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بوون، دەڵێن: “گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران ئەنجامیان نەبووە”.

ئەو چوار وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، ئێران ئامادەی گفتوگۆی کراوە نییە لەگەڵیان و ئاماژەیان بەوەشکرد، کەیسەکە دەبەنە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی ئێران لە دادگاییکردنی ئەو 10 بەرپرسەی سوپای پاسداران بەردەوامە کە بەرپرس بوون لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو بەرپرسانە بدات.

ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 3-1-2022، دادگەیەکی کەنەدی بڕی 84 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی فڕۆکەکەی بەسەر ئێراندا سەپاند و داوای لە تاران کرد پابەندی بڕیاری دادگەکە بێت.

فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراینا هەڵگری 176 کەس بوو کە 10یان تیمی فڕۆکەوانی بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی ئێران، سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بەم جۆرە بوون: 146یان پاسپۆرتی ئێرانییان پێبوو، 10 سەرنشین پاسپۆرتی ئەفغانییان پێبوو، 5 کەندی، 4 سوێدی و 2 ئۆکراینی.

حکومەتی ئێران دان بە هەڵگرانی دوو وڵاتینامەدا نانێت و تەنیا بە ئێرانی دەیانناسێنێت.

زانیارییەکانی حکومەتی ئێران تایبەت بە وڵاتینامەی سەرنشینانی فڕۆکەکە بە تەواوەتی پشتڕاستنەکراونەتەوە، چونکە هەندێک لە سەرنشینان خاوەن دوو وڵاتینامە بوون و هەڵگری دوو پاسپۆرت بوون.

لەسەر ئەو بنەمایە، حکومەتی ئۆکراینا بە پشتبەستن بە تۆماری قوربانییان کە لە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراینا هەیە رایگەیاندووە، لە کۆی 167 سەرنشینانی فڕۆکەکە 82یان ئێرانی بوون؛ 63یان کەنەدی، 3 بەریتانی، 4 ئەفغانی، 10 سوێدی، 3 ئەڵمانی، 11 ئۆکراینیش هەبوون؛11یان تیمی فڕۆکەوانی بوون و دووانیان سەرنشین.

پەیوەندیدار