پێنتاگۆن: هێرشی ئاسمانیمان بۆ رێگەگرتن لە هەڵاتنی داعشەکانی نێو زیندانەکەی حەسەکە ئەنجامداوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە رێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانییەوە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەیان داوە تاوەکو رەوشی زیندانیی غوێران کۆنتڕۆڵ بکەن.

رۆژی هەینی 21-1-2022 جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ڤێرجینیا رایگەیاند: “هەندێک هێرشی ئاسمانیمان بۆ پاڵپشتیکردنی (هەسەدە) ئەنجامدا، ئەوەش کاتێک رووبەڕووی دۆخێکی تایبەتی هەڵاتن لە زیندان بوونەوە”.

پرسیار لە جۆن کێربی کرا کە چەند فڕۆکەی جەنگی لەو هێرشەدا بەشداربوون و ئایا هێزی زەوینیی ئەمریکاش یارمەتیی هەسەدەیان داوە یان نا؟ گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئامادە نەبوو هیچ شتێک بڵێت و داوای لە رۆژنامەڤانە ئامادەبووەکان کرد کە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندی بە فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکاوە بکەن.

بە گوێرەی میدیای هەسەدە، شەوی هەینی چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێک و ماتۆرسیکلێکی بۆمبڕێژکراویان لە نزیک دەروازەی گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە تەقاندەوە، دواتر شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزی پاسەوانی بەندیخانەکە و چەکدارانی داعش کە لە باشووری شارەکەوە هاتبوونە نزیک گرتووخانەکە، دروستبوو.

دوای ئەوە، چەکدارانی داعش سێ تانکەری نەوتیان لە نزیک زیندانەکە تەقاندەوە تاوەکو دووکەڵ ئاسمان داپۆشێت و فڕۆکە جەنگییەکان نەتوانن بۆردوومانیان بکەن. هاوکات لەگەڵ ئەوە، داعشەکانی نێو زیندانەکە دەستیان بە یاخیبوون و رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان کرد.

بە گوێرەی گوتەبێژی هەسەدە، لە شەڕەکەدا حەوت شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لانیکەم 23 چەکداری پێشووی داعش کوژراون.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆژی هەینی لە تویتێکدا رایگەیاند: “هێزە ئەمنییەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکەوتووبوون لە پووچەڵکردنەوەی هێرشەکە؛ ناوچەکانی دەوروبەری زیندانەکە بە تەواوی گەمارۆدراون و هەموو هەڵهاتووەکان دەستگیرکراونەتەوە. جەخت لەوە دەکەینەوە کە شەڕی ئێمە دژی داعش بەردەوامە و ناوەستین تاوەکو هەموو تاوانکارەکان دەخرێنە پشت شیشی زیندان.”

هاوکات یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەشی هەرە زۆری چەکدارانی داعشی نێو ئەو زیندانەی حەسەکە عێراقین؛ گوتیشی بەهۆی تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانەوە، چەکدارانی داعش ناتوانن دزە بکەنە نێو عێراق.

پەیوەندیدار