ئەمریکا: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت

ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە بارەی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئیدی لە دوایین قۆناغدان و ئەگەر ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە، ئەوا هیچ گەڕانەوەیەک بۆ رێککەوتنەکە نابێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی تەلەکۆنفرانسەوە زانیاری دا بە رۆژنامەنووسان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی پلانی کرداری گشتگیریی هاوبەش بۆ بەرگرتن لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان تاران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکدا واژووکرا.

بەرپرسەکە باسی لەوە کرد کە لە دوایین قۆناغدان لە دانوستانەکاندا و بەهۆی بەردەوامی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە کاتی ئەو پرۆسەیە بەرتەسک بووەتەوە.

بەرپرسەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمە خەمڵاندن، هەڕەشە یان ماوەیەک نییە هەروا دیاریی کرابێت و رایگەیاند ”بە لەبەرچاوگرتنی خێرا بەڕێوەچوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، تەنیا چەند هەفتەیەکمان ماوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. لە دوای ئەو خاڵەوە بەداخەوە ئیدی ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ رێککەوتنی پلانی کرداری گشتگیریی هاوبەش و گێڕانەوەی سوودەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە رێککەوتنەکە دەستەبەری کردووە”.

بەرپرسەکە هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی کاری10 مانگدا، لیستی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو تەسکبووەتەوە، لەبەرئەوە ئیدی کاتی بڕیاردانی سیاسییە و ئیدی کاتی ئەوەیە تاران بڕیاری پێویست بدات کە ئامادەی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەیە بۆ رێککەوتنە.

بەرپرسەکە باسی لەوە کرد کە دانوستانەکان راوەستاون لەسەر راوێژکردن لەگەڵ سەرکردەی وڵاتەکاندا بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئایا ئامادەی بڕیاردانێکی سیاسیین یان نا، گوتیشی: ”درەنگ یان زوو دەبینین کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی پلانی کرداری گشتگیریی هاوبەش یان نا، ئێران بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی پلانی کرداری گشتگیری هاوبەش و لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسیارێتیەکانی بەجێدەگەیەنێت یان نا، یاخود رووبەڕووی هۆکاری جیاواز دەبنەوە یان نا کە بەهۆیانەوە قەیران و گرژیی روو لە هەڵکشان بکات”.

هاوکات بەرپرسەکە باسی لەوەیش کرد کە ئەمریکا بە دوولایەنە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و لە رێگەی دانوستانە دیپلۆماسییەکانەوە سزاکانی سەر ئێران هەڵگرێت و گوتی: ”دەزانین کە ئەگەری زۆرە ئێران نەچوونە ناو ئەو رێگایە هەڵدەبژێرێت بۆیە ئامادەین مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە چاوەڕواننەکراوەدا بکەین”.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەوەشی خستەڕوو کە نایەوێت زانیاریەکانی بەردەستی ئاشکرا بکات لەبارەی ئەو ماوەیەی ئێران پێویستیەتی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ماوەی بەدەستهێنانی پارچەی پێویست بۆ بەکارهێنان لە دروستکردنی چەکدا ئیدی دابەزیوە بۆ ماوەیەک کە بە هەفتە وەسف دەکرێت نەک مانگ.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا ئامادەی هەڵنانی هەر هەنگاوێکی پێویستە بۆ هەڵگرتنی سزاکان، سەبارەت بە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئێرانیش بۆ رێککەوتنەکە رایگەیاند ”بە پێچەوانەوە پێویستە کاردانەوەمان بەهێز بکەین و ئەوەش بە واتای گوشاری زیاتر دێت، وەک ئابووریی و دیپلۆماسی جۆری دیکە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ئەوە رێگایەک نییە ئارەزووی بکەین، بەڵکو رێگایەکە ئامادەین بۆی، ئەگەر ئەوە بڕیاری ئێران بێت ئەوا ئەوە رێگایەکە ئامادەین پەنای بۆ بەرین. ئامرازەکانی بەردەستمان بەکار دەهێنین بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانمان و بۆ ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت”.

دانوستانەکان کە لە مانگی نیساندا دەستیان پێ کردەوە هێشتا هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە.

پەیوەندیدار