بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەو لیژنەیەی کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی مووشەکبارانەکەی هەولێر پێکهاتبوو، کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانیش ئامادە دەبن بۆ ئەوەی روونکردنەوەی پێویستیان لەبارەی رووداوەکەوە پێبدرێ.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، “لە کۆبوونەوەکەدا میوانداریی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پەرلەمان سوود لە زانیاری و وەڵامەکانی ئەویش وەردەگرێت و راپۆرتێک لەوبارەوە دەداتە پەرلەمان، هەروەها بڕیارە بەرپرسە باڵا ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی عێراقیش ئامادەبن و پرسیاری ئەوەیان لێبکرێت کە بۆچی ئاگاداری پێشوەختەیان نەبووە و هیچ لایەنێکیشیان ئاگادار نەکردووەتەوە”.
رۆژی 13ی ئادار 12 مووشەکی بالیستیی دوورمەودا ئاڕاستەی هەولێر کران، دوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر بنکەیەکی ستراتیژیی ئیسرائیل بووە، بەڵام خاوەنی ئەو ماڵەی مووشەکەکانی بەرکەوتووە کە سەرمایەدارێکی کوردە بەناوی شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کار گرووپ داوای لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد سەردانی شوێنەکە بکات بۆ ئەوەی بۆی روونببێتەوە کە ئەو شوێنەی بە ئامانجکراوە، ماڵە، نەک بنکەی ئیسرائیلی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رەتیکردەوە کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە شاری هەولێر هەبێت.
هێرشەکەی سەر هەولێر کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوای خۆیدا هێنا و دوای هێرشەکە مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و سەردانی شوێنە بۆردومانکراوەکەی کرد و هێرشەکەی بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق ناوهێنا. پەرلەمانی عێراقیش شاندێکی بۆ هەولێر نارد و بڕیاری دا لە هێرشەکە بکۆڵێتەوە.