وەزیری پەروەردە: هیچ سوكایەتییەك بە هیچ ئایینێك نەكراوە

ئالان حەمەسەعید وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكومەتی هەرێم رایگەیاند، پرسیاری‌ تاقیكردنەوەی‌ پەروەردەی‌ ئیسلامی‌ یەكێك لە قوتابخانەكان كە مشتومڕی‌ زۆری‌ لێكەوتەوە هیچ سوكایەتییەكی‌ تیادا نەبووە بۆ ئایینی‌ ئیسلام.
ئالان حەمەسەعید لە كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامەوانیدا وتی، ئەو پرسیارانەی ئایین كە بڵاوكراوەتەوە لەسەر ئاستی‌ وەزارەت و پەروەردە گشتییەكان دانەنراوە، بەڵكو مامۆستایەك لە قوتابخانەیەكی‌ رانیە دایناوە كە تاقیكردنەوەی‌ وەرزی‌ دووەمی‌ كردووە.
پێشی وایە، هیچ بێڕێزییەك نەكراوە بە ئاینی‌ ئیسلام، ئەو مامۆستایەش هیچ هەڵەیەكی‌ نەكردووە و 10 پرسیاری‌ لە كتێبی پەروەردەی‌ ئیسلامی‌ و ئاییناسی هێناوەتەوە، كە لەو بەشەی‌ داخڵبووە بەشێكی‌ پەیوەندیدارە بە ئاینناسی، بەشێكی‌ بابەتەكانی‌ ئەو بەشەی‌ تاقیكردنەوەی‌ لەسەر كراوە لەسەر ئاینی‌ ئێزیدی‌ بووە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی‌ رابردوودا پرسیاری‌ تاقیكردنەوەیەكی‌ پەروەردەی‌ ئیسلامی‌ پۆلی‌ 12 لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی‌ زۆری‌ لێكەوتەوە، بەهۆی‌ ئەوەی‌ بەشی‌ زۆری‌ پرسیارەكانی‌ تایبەت بوون بە ئاینی‌ ئێزدی‌.

پەیوەندیدار