كۆمسیۆنی هەرێم: پێمان باشە ئەو دامەزراوە فەرمیە ئەكتیڤ بكرێتەوە یان هەڵبژێردرێتەوە

هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “ئێمە پێمان باشە ئەو دامەزراوە فەرمیە ئەكتیڤ بكرێتەوە یان هەڵبژێردرێتەوە، ئینجا دوایی بابەتی ئەوەی كە یاسا دەگوڕدرێت یان هەڵبژاردن دەكرێت یاخود نا، چونكە یەكێكە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە وەك تەواوی دامەزراوەكانی تر كار بكات چونكە كاری كۆمسیۆن جگە لەوەی بۆ هەڵبژاردنەكان ئیش دەكات ماوەیەكیشی پێویستە بۆ ئامادەكاری و بنیاتنانانی كارمەندان و كاروباری ئیداری و دارایی”.

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵا دەڵێت” ئێمە چاوەڕێی پەرلەمانین پێشتریش هەر لە زو پەرلەمانمان لە تەواوبونی وادەی كۆمسیۆن ئاگاداركردوەتەوە لە كاتی گەیشتنی مەرسومی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو كاتیش نوسراومان بۆ كردن وتمان ئەوە نوسراوێك گەیشتوە پێویستە ئەو كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە بۆ هەڵبژاردن، ئێستاش چاوەڕێی پەرلەمانین هەمو حزبەكان دەلێن ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام هەمویشیان دەزانن بەبێ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت بۆیە لەسەریانە بە زوترین كات كێشەی ئەو كۆمسیۆنە یەكلایی بكرێتەوە”.

سەبارەت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەندرێن محەمەد بە بە دەنگی ئەمەریكای وت” پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لە كارە سەرەكیەكانی ئیشی كۆمسیۆن ئێمە تۆمارێكمان هەیە ساڵی 2018 هەڵبژاردنمان پێی كرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا متمانەیەك هەیە بە تۆماری بایۆمەتری فیدراڵی دەكرێت، ئێمە ئەو تۆمارە بەكاربهێنین و بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنێكی نزیك (ساڵی ڕابردو) بەكارهاتوە هەرهەمان ئەو لیستانە بخرێنەوە بنكەكانی دەنگدان .ئێمە دەڵێن چی لە بەرژەوەندی میلەت و كوردستانیانە ئەوە بكرێت وەك كۆمسیۆن”.

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان داوا لە پەرلەمانی كوردستان و هەمو حزبە سیاسیەكان دەكات كە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بژاردەیەكی ئاسان نییە و دەڵێت” با ئەو كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە یان كۆمسیۆنێكی نوێ هەڵبژێرن بەهەرشێوەیەك كە دەیانەوێ بۆ نمونە باسی ئەوە دەكرێت كە دادوەر بێت یان بەهەرشێوەیەكی تر بۆ ئەوەی ئەو كۆمسیۆنە بەلایەنی كەم ئامادەكاری بكات، و دوای ئەوە ئەگەر هەر گۆڕانكاریەك لە یاسا هەبێت بدرێتە ئەو كۆمسیۆنە و هەڵبژاردنەكانی پێ بكرێت. دانیشتن لەگەڵ یەكتر باشترین چارەیە دەبێت ئاخاوتن و لێكتیگەیشتن هەبێت لەو بڕوایەدام چەند دانیشتن و دانوستاندن هەبێت ئەوا زوتر دەگەنە ئەنجام”

پەیوەندیدار