100 رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ ئۆکراینا تێپەڕی

100 رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێپەڕدەبێت. لەو ماوەیەدا، رێژەی خاکی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە بەگوتەی سەرۆکی ئۆکراینا گەیشتووەتە 20٪. زیلینسکی گوتی، “بۆ ماوەی 100 رۆژە بەرگری لە ئۆکراینا دەکەین. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە.”

بۆگدانیڤکا، یەکێکە لەو گوندانەی باکووری کیێڤ کە پێشتر لەژێر دەستی سوپای رووسیادا بوو. ئەلێکساندەر هاوڵاتییەکی بۆگدانیڤکایە و بەشێکی جلەکانی ئەو کاتەی هەڵگرتووە کە رووسیا دەستی بەسەر ناوچەکەیدا گرتبوون. وەکو خۆی دەڵێت دەیەوێت وەکو بەڵگەی تاوانی جەنگ لە دژی رووسیا بەکاریان بهێنێت. ئەو دەشڵێت، سەربازانی رووسیا بە جگەرە روومەتیان داخکردووە.

ئەلێکساندەر، هاووڵاتیی ئۆکراینی باسی لەوە کرد، “سەربازێک دەستەکانمی لەسەر مێزەکە دانا و بە بنی تڤەنگ سێ جار لە منی دا. دەستی منیان شکاند. هەر دەیانگوت: تۆ نازی، تۆ نازی. لووتی منیان شکاند و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم.”

لە شاری سێڤرۆدۆنیتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە دوا پێگەی سوپای ئۆکراینایە لە هەرێمی لوهانسک. بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن. تەنیا 20٪ـی شارەکەیان بەدەستەوە ماوە.

لە 100ـەمین رۆژی جەنگدا، زیلینیسکی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی چووەتە نێو شەقامەکانی کیێڤ و دەڵێت کە سەرکەوتن بۆ ئەوانە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، “سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی لێرەیە. سەرۆکوەزیران شمیگال لێرەیە. پۆدیلیاکی راوێژکار لێرەیە و سەرۆکەکەشتان لێرەیە. تیمەکەمان گەورەتربووە. سوپای ئۆکرایناش لێرەیە. لە هەمووی گرنگتر، هاووڵاتییانمان لێرەن. بۆ ماوەی 100 رۆژە بەرگری لە ئۆکراینا دەکەین. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە. سەربەرزی بۆ ئۆکراینا.”

بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکراینا، ئێستا نزیکەی 125,000 کیلۆمەتر دووجا لە خاکی ئۆکراینا لەژێر دەستی سوپای رووسیا دایە. ئەوەش دەکاتە هێندەی خاکی وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا و لۆکسمبۆرگ بەیەکەوە.

هاوکات بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن نزیکەی 300 هەزار کیلۆمەتر دووجا مینڕێژکراون و تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 ملیۆن ئۆکراینی ئاوارەبوون. زیاتر کە پێنج ملیۆن کەسیش کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە ماوەی جەنگدا وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

پەیوەندیدار