ڕۆژی چوارشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا داوایەک ئاڕاستەى هەردو حکومەتى فیدراڵیی و هەرێمی کوردستان کردو تیایدا داوا دەکات گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییە نەوتییەکان بکەن و سوود لە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرن کە ئەویش یارمەتیدانیانە لەو بوارەدا.
ڕاگەیاندنە عێراقیەکان لە زارى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەیان بڵاو کردەوە کە: “پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دوولایەنە بۆ کێشەی نەوت و دوورکەوتنەوە لە هەنگاونان بۆ زیاتر گرژبونى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا.
وتیشی: “ڕاسپاردەی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) یارمەتی دانى لایەنەکانە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنى نیوان هەرێم و بەغداد.
بۆیە هانی حکومەتەکانی کوردستان و عێراق دەدەین بۆ ئەوەی سود لە تواناى نەتەوە یەکگرتوەکان لەو بوارەدا وەربگرن و بە هەلى بزانن.
ئەمە لە کاتێکدایە مانگی شوباتی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتەیە، فەرمانی دەرکرد و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هەموو ئەو نەوتەی لە خاکەکەیدا بەرهەم دەهێنرێت ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.
عێراق، دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی ئۆپیکە، ڕۆژانە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، کە لەسەدا 90ی بودجەی ئەو وڵاتەکە پێک دەهێنێت.
هەرچى هەرێمی کوردستانیشە پێشتر بەڵێنی داوە بڕی 250 هەزار بەرمیل لەبەرهەمی ڕۆژانەی خۆی ڕادەست بکات, لەبەرامبەردا حکومەتی ناوەندیش مووچەی فەرمانبەران و چەکدارانی پێشمەرگەوە هێزە چەکدارەکانی هەرێم بدات.
هەناردەی نەوتی هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە جێگەی مشتومڕی زۆرو چەند بارە و بەغدا داوا دەکات کە هەموو هەناردەی نەوتی وڵات لەژێر چاودێری وەزارەتی نەوتی حکومەتی ناوەندیدا بێت.