دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، کۆچکردنی هاوڵاتییانی عێراقی لە کۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە بە رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو زیادی کردوە.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاندوە؛ “سەرەڕای هەبونی مەترسییەکی زۆری ڕێگاکانی کۆچی نایاسایی و بیستنی نوقوم بونی دەیەها یەختی ڕۆژانە، بەڵام هاوڵاتیان هەر سورن لە سەر کۆچکردن و پەنابردنە بەر وڵاتیکی دیکە بۆ گوزەرانێکی باشتر و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی کۆچکردنی هاوڵاتیان لە زیاد بوندایە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە،”بە پێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان تەنها لە سەرەتای چوار مانگی ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٨هەزار پەنابەر لە دەریای ناوەڕاست پەڕیونەتەوە بۆ گەشتن بە ئەوروپا بێگوێدانە مەترسییەکانی شەپۆلە بە هێزەکانی دەریاکان و تەواوی ڕێگا ترسناکەکان”.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ڕێژەی کۆچکردنی هاوڵاتیانی عێراقی لە کۆتایی مانگی تەموز و سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە بە ڕێژەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادی کردوە و بەردەوام لە زیاد بوندایە بەتایبەتی دوای ئەو گرژ و ئالۆزیەیی ئەم دوایانەی هاوڵاتیانی عێراقی دژ بە تۆپبارانکردنەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و گیان لەدەستدانی چەند هاوڵاتیەکی عەرەب و ڕاگرتنی فیزای وڵاتی تورکیا و دوبارە ئاسایی بونەوەی مامەڵە کردن بە فیزای ئەو وڵاتەوە”.
ڕونیشیکردوەتەوە، “کۆچکردن بە ڕێژەی ٣٥٪بۆ ٤٠٪زیادی کردوەو کە ئەم ڕێژەیەش لەدوای ساڵی 2020 بەمشێوەیە زیادی نە کردوە”.
دەشڵێت،”هۆکاری خراپی باری گوزەرانی هاوڵاتیان و بێکاری و نە بونی سەقامگیری و ئاستەنگیەکانی کۆچکردنی ئاسای پاڵنەرێکی سەرەکیە بۆ هاندانی گە نجان بۆ کۆچکردن”.