بایدن و كازمی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و باسیان لە دۆخی عێراق و گرژییەکانی چەند رۆژی رابردو کرد، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هەمو سەرکردەکانی عێراق کرد گفتوگۆی نیشتیمانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی ئەنجام بدەن، بەجۆرێک ئەو نەخشەرێگایەی بۆ قۆناغی داهاتو لەسەری رێککدەکەون لەسەر بنەمای رێکارە دەستوریی و یاساییەکان بێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و باسیان لە دۆخی عێراق و گرژییەکانی چەند رۆژی رابردو کرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەشدا سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دوپاتکردەوە، هەروەها جەختیکردەوە لەبەردەوامی هەماهەنگی بەغدا و واشنتن لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات.
ئەوەش هاتوە، جۆو بایدن ستایشی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرکردە داناکانی وڵاتی کرد کە رۆڵی ئەرێنییان لە هێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنیی وڵات لە چەند رۆژی رابردو گێڕاوە، هەروەها دەستخۆشی لە رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی عێراق کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکی ئەمریکا داوای لەسەرکردەکانی عێراق کرد گفتوگۆی نیشتیمانی ئەنجام بدەن، هەروەها نەخشەرێگایەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی ئامادە بکەن کە گونجاو بێت لەگەڵ بنەما دەستوریی و یاساییەکان.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیشی کردوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی وڵات، کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆکردنەوەی لایەنەکان بەمەبەستی گفتوگۆی نیشتیمانی، لەم بوارەشدا هەمو پشتیوانییەکی واشنتنی بۆ دوپاتکردوەتەوە.

پەیوەندیدار