پۆلیسی پارێزگای دهۆك ئاشكرای كرد، سێ كەسیان بە تۆمەتی فێڵكردن لە خەڵك دەستگیر كردووە، كە یەكێكیان ژنە و لە رێگەی قسەكردن لەگەڵ پیاوان و بردنەوەیان بۆ ماڵەوە و دواتر هەڕەشە كردن لێیان، پارەیان لێ وەرگرتوون.
لەو بارەیەوە هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆك لە بڵاوكراوەیەكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، 3 تۆمەتباریان دەستگیر كردووە كە یەكیان ژن بووە و وەك باند كاریان كردووە، ژنەكە پەیوەندی لەگەڵ پیاواندا دروست كردووە بە مەبەستی سێكس كردن و داوای لێكردوون كە بچنە ماڵەكەی.
رونیشیكردووەتەوە، كاتێك پیاوەكان چوون بۆ لای ژنەكە، ئەو دوو پیاوەی تر دەركەوتوون و یەكیان وەك هاوسەری ژنەكە خۆی پیشانداوە و گوایە لەبەرامبەر ئەوەی كە چووە بۆ لای ژنەكەی داوای پارەی كردووە و هەڕەشەیان لە پیاوەكان كردووە.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كە دانپێدانانی تۆمەتبارانی تێدایە یەكیان دەڵێت، یەكەمجار كە پیاوێك هاتە ماڵەكە، چوونە سەری و بە ڤیدیۆ تۆماریان كرد و هەڕەشەی ئەوەیان لێكرد، ئەگەر 500 دۆلاریان نەداتێ ئەوا بڵاویدەكەنەوە، ئەویش پێی وتوون هەرچەند پارەیان دەوێت دەیانداتێ بەس بڵاوینەكەنەوە.