سێ وڵاتی ئەوروپا گومانیان لە نیازی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی ھەیە و ھۆشداری بە تاران دەدەن لە شکستی دانوستانەکان.
بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، راگەیاندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوکرد، پێشنیازی کۆتایی کە پێشکەشی تاران کراوە، زۆرترین نەرمی وڵاتانی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی پیشان دەدات، بەڵام ئێران نایەوێت سوود لەو دەرفەتە دیبلۆماسییە چارەنووسسازە وەربگرێت و لەبری ئەوە بەبێ پاساو بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ھەڵوێستی ئێران ئاسۆی گەڕانەوە بۆ کارکردن بە رێککەوتننامەکەی ساڵی 2015 تێک دەدات و گوومانیان لە نیازی ئەو وڵاتە بۆ گەڕاندنەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی ھەیە.
ئەو سێ وڵاتە راشیانگەیاندووە، لە گەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان پرسی بەدەنگەوە نەهاتنی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکەن.