تۆڕێكی گەورەی بەقاچاغبردنی نەوت لە بەسرە دەستگیركران

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزەی عێراق نۆ بەرپرسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت دەستگیرکردووە، کە دووانیان بەرپرسی پەیوەندیدارن بە کێڵگە نەوتییەکان و بازگەکانی کەرکووک و نەینەوا. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی بەقاچاخبردنی نەوتی لە بەسرە راگەیاند کە بە “گەورەترین” تۆڕ ناوی بردووە مانگانە 75 ملیۆن لیتر نەوتیان بردووە.

رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2022، ئەرشەد حاکم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی بەقاچاخبردنی نەوتی لە بەسرە راگەیاند کە بە “گەورەترین” تۆڕ ناوی بردووە و نەوتی خاویان لەو شارەی باشووری عێراق بەقاچاخ بردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بازرگانێک سەرۆکایەتیی ئەو تۆڕەی کردووە کە ژمارەیەک ئەفسەری باڵای ئەمنیشی تێدابووە.

ئەرشەد حاکم ئاشکرایکرد ئەو تۆڕە، بۆریی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی زوبێر-یان کون کردووە و لە رێگەی وشکانییەوە نەوتەکەیان بەقاچاخ بردووە. هەروەها ئاشکرای کرد: “رۆژانە پێنج بۆ حەوت تەنکەر نەوت بە قاچاخ براوە و مانگانە گەیشتووەتە 75 ملیۆن لیتر.”

بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وزەی عێراق کە لە 2ی تشرینی دووەمی 2022 ، ئاڕاستەی ئاژانسی کاروباری ئاسایشی فیدڕاڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراوە، ناوی نۆ بەرپرس نووسراوە کە لەسەر دۆسێیی بە قاچاخبردنی نەوت دەستگیرکراون و زۆرینەیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزەن.

جگە لە لیوا غانم حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە، هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتی باکوور، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتی نێوەڕاست، بەڕێوەبەری بازگەکانی باکوور، فەرماندەی فەوجی پۆلیسی پاوڵاگەی دۆرە، بەڕێوەبەری ئیدارەی پۆلیسی وزە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وزە و کارمەندێکی دیکەی ئەو بەشە، بەڕێوەبەری بەشی بازگەکانی پۆلیسی نێوەڕاست دەستگیرکراون.

رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، فەرمانیداوە بەدواداچوون بۆ تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی نەوت نەوت بکات، لەگەڵ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن لە دژی ئەو باندانەی کە بە گوتەی ئەو “بوێرییان هەبووە مافی عێراقییەکان بدزن.”

محەممەد شیاع سوودانی ئاشکرایکرد توانراوە “گەورەترین” تۆڕی بەقاچاخبردنی نەوت لە بەسرە هەڵبوەشێندرێتەوە.

بەگوتەی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق نزیکەی 30٪ی بەرهەمە نەوتییەکانی و بەنزین و گاز و نەوتی سپی لە عێراق بە قاچاخ دەبرێت.

پەیوەندیدار