دوای قسەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەبارەی یانەی مانچێستەر یونایتد و ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکەوە، داهاتووی ئەو یاریزانە مژارێکی گەرمی میدیای بەریتانیایە.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت ” خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەدوای یانەیەکی نوێدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی زستانەدا گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ واژۆبکات.”
بەپێی رۆژنامەکە، بەڕێوەبەری کارەکانی دۆن هەفتەی رابردوو پەیوەندیی بە بەرپرسانی یانەی بایرن میونشنەوە کردووە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی زستانەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببەنە ریزەکانی یانەکە، بەڵام شتێکی ئەوتووی دەستنەکەوتووە، لەکاتێکدا هاوینی رابردووش بەرپرسانی بایرن میونشن زیاتر لە جارێک گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان رەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە تۆد بۆیلی، خاوەنی یانەی چێڵسی سەرسامە بە کەسایەتی و تواناکانی رۆناڵدۆ و هاوینی رابردووش دەیویست ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، بەڵام تۆماس توخێل پێی رازی نەبوو، ئێستا بۆیلی دەیەوێت گراهام پۆتەر رازی بکات، بۆ ئەوەی دۆن ببەنە ستامفۆرد بریچ، بەڵام چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، پۆتەریش نایەوێت رۆناڵدۆ لە تیپەکەیدا بێت، بەتایبەت کە ئەو پێی وایە رۆناڵدۆ بەم تەمەنەوە ناتوانێت هیچ شتێک بۆ یانەکە بکات.
لەلایەکی دیکەوە هەمان سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، مانگی رابردوو خۆرخی مێندێز، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەیوەندیی بە بەرپرسانی یانەی نیوکاسل یونایتدی ئینگلیزی کردووە، کە ئەم وەرزە لە بارودۆخێکی زۆرباشدایە، بۆ ئەوەی گفتوگۆلەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکەوە بکەن.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینێکدا هێرشیکردە سەر مانچێستەر یونایتد و گوتی ” لە یانەکەدا لە دوای رۆیشتنی فێرگسۆنەوە هیچ شتێک نەگۆڕاوە، تێن هاگ کەسێکی بێرێزە و ماڵباتی گلایزەریش گرنگی بە مانچێستەر یونایتد نادەن، ئەم قسانە و چەندین قسەی دیکەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و مانچێستەر یونایتد بیر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە دەکاتەوە لە گواستنەوەی زستانەدا.”
بەپێی میدیای بەریتانیا ” یاریزانان، تێن هاگ و کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد لە رۆناڵدۆ توڕەن و پێیانوایە ئەوەی ئەو گوتوویەتی رێزنەگرتنە لە یانەکە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە لەرووی داراییەوە رۆناڵدۆ لەلایەن یانەکەوە سزادەدرێت.”